ئەمڕۆ، بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، سەبارەت بە دەستگیرکردنی کەسێک لە گەرمیان، بە تۆمەتی هەڕەشەکردن و هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتییان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، مەفرەزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان، توانییان تۆمەتبارێک بەناوی (م ، ع ، م) لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠١ دەستگیربکەن، کە لە ڕێگەی چەندین هەژماری جیاواز و ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاری نەشیاو و سەرپێچیی یاسایی بەرامبەر هاووڵاتییان ئەنجامداوە.
وتیشی: لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی (٢) لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، هەروەها چەند ئەکاونتێکی دیکەی هەبووە کە لەلایەن ناوبراوەوە بە مەبەستی شاردنەوەی بەڵگەکان سڕدراونەتەوە و سووتاون.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هەر هاووڵاتییەک دەکەین، کە لەلایەن ئەم تۆمەتبار و ئەکاونتانەوە زیانی پێگەیشتووە و هەڕەشەی لێکراوە، یان هەڵخەڵەتێنراوە، سەردانی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، نوسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بکات، بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی ناوبراو، تاوەکو ڕێکاری یاسایی بەرامبەری بگیرێتەبەر.
س. ع
