ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لە لایەن ڕێکخراوی باجەڵانەوە خولێک بۆ فێربوونی شێوەزاری ماچۆ کرایەوە، لە خوکەکە ژمارەیەک فێرخواز بەشداربوون و بڕیاریشە بۆ ماوەی ڕۆژ ١٥ بەردەوام بێت.

لە بارەی خولەکەوە دیار باجەڵان، سەرپەرشتیاری خولەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، هەموو نەتەوەیەک پێویستە زمان و خاکەکەی بپارێزێت، ئێمەیش لەو ڕوانگەیەوە هەستاین بە کردنەوەی خولی فێربوونی شێوەزاری ماچۆ، چونکە شێوەزاری ماچۆ یەکێکە لە پایە گرنگەکانی زمانی کوردیی.
وتیشی: خولەکە ئێواران کاتژمێر پێنج دەستپێدەکات، کۆرسی یەکەممان بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە دوای ئەوەش ئەگەر خواست لەسەر فێربوونی شێوەزارەکە هەبوو، ئەوا درێژە بە خولەکە دەدەین.
هەروەها باسی لەوەشکرد، ئەم شێوەزارە لەنا چەند هۆزێکی گەرمیان ماوەتەوە و پارێزراوە، بە تایبەتیش لە نێو کاکەییەکان، بەڵام بە داخەوە ئێمە بەهۆی ڕاگواستنەوە هەروەکو خاکەکەمان، لە شێوەزارەکەشمان دابڕاین، هەربۆیە لە ئێستادا دەمانەوێت ئەم شێوەزارە زیندوو بکەینەوە.

پاشان گۆنا ئەحمەد، مامۆستای خولەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی ئێمە ئەوەیە دووبارە ئەم شێوەزارە زیندوو بکەینەوە کە مێژووی ڕەسەنی نەتەوەکەمانی پێ نووسراوەتەوە، ئەم شێوەزارە لە چەندین ناوچەدا بەکاردەهێنرێت، وەکو: هەورامان، هەڵەبجە، کەرکووک، کەلار و خانەقین.
وتیشی: ئەم شێوەزارە نەوە دوای نەوە کاڵتر دەبێتەوە، دەمانەوێت ئەم خولە ببێتە هەنگاوی یەکەم بۆ زیندووکردنەوەی شێوەزارەکە و پاشان هەوڵبدەین لە پڕۆگرامی خوێندنی پەروەردە بخوێنرێت، چونکە ئەم شێوەزارە لە چەندین ناوچەدا قسەی پێ دەکرێت و پێویستە گرنگی پێ بدرێت.
ماچۆ واتە (دەڵێ)، یەکێکە لە شێوەزارەکانی زمانی کوردیی و لە هەورامان و گەرمیان قسەی پێدەکرێت، لەگەرمیان لەناو عەشیرەتەکانی باجەڵان، زەنگەنە و باوەڕمەندی کاکەیی قسەی پێدەکرێت.
س. ع
