ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ناوەندی کەلتووری ئاران لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی گەنجان، کەرنەڤاڵێک بە ناونیشانی "گەنجان، ڕەنگی ئەمڕۆ و هیوای سبەی" ئەنجامدرا و بڕیارە هەتا کاتژمێر ١٠ـی ئەمشەو بەردەوام بێت.

محەمەد عەزیز

لە بارەی کەرنەڤاڵەکەوە محەمەد عەزیز، سەرپەرشتیاری ناوەندی کەلتووری ئاران بە ڕۆژنیوزی وت: وەکو ناوەندی کەلتووری ئاران بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجوومەنی گەنجانی گەرمیان لە "ڕۆژی جیهانی گەنجان" ئەم  کەرنەڤاڵەمان ڕێکخستووە، کە خۆی لە چەند چالاکییەکی جیاواز دەبینێتەوە.

وتیشی: چالاکییەکان پێکهاتوون لە پێشانگایەکی شێوەکاریی، پێشانگای کتێب، پێشانگای کاری دەستی، وۆرکشۆپ و سیمینارێکی تایبەت بە ڕۆڵ و پێگەی گەنج لە داهاتوودا، چالاکییەکان لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە هەتاوەکو ١٠ـی شەو بەردەوام دەبێت.

باسی لەوەشکرد، ئەبێت زیاتر گرنگی بە ڕۆڵی گەنج بدرێت، گەنج پایەیەکی گرنگی کۆمەڵگەیە، کە پێویستە ڕێنمایی بکرێن کە ڕێگەیەکی ڕاست بۆ خۆیان هەڵبژێرن و ئاراستە بکرێن بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانیان بگەن.

لانە یاسین

پاشان، لانە یاسین، کە لە پێشانگای وێنەکێشان بەشدارییکردووە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو هونەرمەندان و شێوەکارانی گەرمیان بەشدارین لەم پێشانگایە، پێویستە گەنج هەر کارێک کە دەیکات پەرەی پێ بدات و بەرەو پێشەوەی ببات، ئێمەش بەو مەبەستەوە ئەمڕۆ بەشدارییمان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە گەنجان لە هەوڵدان بەردەوام بن بۆ  بەدیهێنانی خەونەکانیان، هەروەها لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانیشەوە یارمەتی بدرێن لە پێشخستنی کارەکانیاندا.

10 وێنە
1 / 10

س. ع