کەمێک پێش ئێستا، لە ناوچەی تانجەڕۆی شاری سلێمانی، ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنی کەوتەوە و بڕێکی زۆر سووتەمی سووتا.

بەپێی زانیارییەکان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی سووتانی تانکەرێکی سووتەمەنی بووە، دواتر بەهۆی بوونی سووتەمەنی لە نزیک ئاگرەکە، ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە لە کۆگاکە.

هەروەها تائێستا بەهۆی ڕووداوەکەوە هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام زیانی ماددی هەبووە و بووەتە هۆی سووتانی بڕێکی زۆر سووتەمەنی، هەروەها چەندین جار تەقینەوە ڕوویداوە لە کۆگاکە. 

لە ئێستادا هێزەئەمنییەکان و بەرگری شارستانی لە شوێنێ ڕووداوەکەن و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، لە شوێنی ڕووداوەکە دوور بکەونەوە، چونکە بەهۆی ئەو سووتەمەنییەی لە کۆگاکەدا ماوە، مەترسی هەیە تەقینەوەی دیکە ڕووبدات.

هاوکات سامان نادر، بەڕێوبەری بەشی فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ڕایگەیاند، تیمەکانمان بە مەبەستی بە هاناوەچوونی کارمەندانی کۆگاکە، گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

هەروەها ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، تیمێکی زۆرمان ناردووە بۆ شوێنێ ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکە و لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدان، ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

س. ع