لە ١٢ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵكووژیی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـداین کە دژی ئێزدییەکان، یەکێک لە دێرینترین کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانن ئەنجامدرا، هەرچەندە "٧٤ کۆمەڵكووژی" لە بیرەوەریی ئێزدییەکاندا خۆی مەڵاس داوە، بەڵام ئەو کۆمەڵكووژییانەی لە درێژایی مێژوودا دژی ئێزدییەکان ئەنجامدراون، لەلایەن مێژوونووسان و ئەرشیڤکار و ئەکادیمییەکانەوە بە تەواوی ڕوون نەکراونەتەوە، بۆیە ڕاسترە لە ژمارەی ٧٤ و لەو زنجیرە کۆمەڵكووژییانە بگەین کە لە درێژایی مێژوودا بەردەوام بوون.

کۆمەڵكووژیی ٢٠١٤ بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی ڕێگەی لە بەرامبەر ئەنجامی زۆر قورسدا کردەوە کە تا ئێستاش کاریگەرییان لەسەر بوارەکانی ژیاندا بەردەوامە، بەهۆی ئەوەی لێکۆڵینەوەی پێویست نەکراوە، تا ئێستاش ئاماری ١٠٠٪ـی ئەنجامەکانی کۆمەڵكووژییەکە ڕوون نین، بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە کۆمەڵكووژییەکەدا نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس لە شنگال ئاوارەبوون و ڕوویان لە ڕۆژئاوا، باشووری کوردستان و وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپا کرد، بە هەزاران کەس لە کاتی کۆمەڵكووژییەکەدا بە کۆمەڵ یان بە تاک لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکووژ کران. نزیکەی ٣٠٠٠ منداڵ لەو هێرشانەدا بێ دایک و باوک مانەوە.

تا ئێستا ٨٩ گۆڕی بەکۆمەڵ و ٢٤ گۆڕی تاکەکەسی دەستنیشان کراون کە ئێسک و پرووسکی هەزاران کەسیان تێدایە، بەڵام ئەگەری هەیە لە داهاتوودا گۆڕی نوێی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی بدۆزرێنەوە، هەروەها لە کۆمەڵكووژییەکەدا نزیکەی ٦٥٠٠ ژن، کچ و منداڵ لەلایەن داعشەوە ڕفێندران، تا ئێستا نزیکەی ٣٥٠٠ کەس لە دەستی داعش ڕزگار کراون، بەڵام چارەنووسی نزیکەی ٣٠٠٠ کەس هێشتا نەزانراوە، دەکرێت لە داهاتوودا ئاماری نوێ تۆمار بکرێن، بەڵام ئەوەی ئەم ئامارانە پێمان دەڵێن ئەوەیە کە ئەمە جێنۆسایدێکی بێبەزەییانە بوو کە ئامانجی کۆمەڵکووژکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی و لەناوبردنی بڕوای ئێزدایەتی بوو.

لە ١٢ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵكووژییەکەدا، دوو پرسیاری سەرەکیی خۆیان دەخەنە پێشمان، یەکەمیان: "ئەو داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەی لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـدا لە شنگال ڕوویدا چی بوو؟"، دووەمیش: "لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا ئێزدییەکان چۆن خۆیان لە بەرگی کۆمەڵكووژی ڕزگار کرد و چۆن سیستەمێکی نوێی بوونیان بۆ خۆیان بونیاد ناوە؟ لە ماوەی ١٢ ساڵدا بڕینی ڕێگەی کۆمەڵگەی ئێزدی لە نەبوونەوە بەرەو هەبوون، لە کۆمەڵكووژییەوە بەرەو شۆڕش و لە شۆڕشەوە بەرەو ڕێنیسانس چۆن هاتە ئاراوە؟"

لە کۆمەڵكووژیی و تاڵانکارییەوە بەرەو ژیان و هەبوون

بێگومان شکاندنی شمشێری کۆمەڵكووژی، ڕزگارکردنی شنگال، گەڕانەوەی گەل و دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی هەبوون، لە ئەنجامی بانگەواز و پەیامە مێژووییەکانی ڕێبەر ئاپۆوە هاتنە ئاراوە، ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ دوای کۆمەڵكووژییەکە بانگەوازی لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد کە بگەڕێنەوە بۆ شنگال و سیستەمی بەرگریی و خۆبەڕێوەبەرییان پێشبخەن.

چۆن دەستێوەردانی گەریلا لە کاتی کۆمەڵكووژییەکەدا ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکی قووڵتر کرد، ئەم بانگەوازانەی ڕێبەر ئاپۆش ڕێگەیان لەبەرامبەر بونیادنانی سیستەمێکی نوێی هەبوون بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی کردەوە، کۆمەڵگەی ئێزدی بەم شێوەیە وەڵامی هێرشەکانی سەر بوونی خۆی دایەوە.

لە ئەنجامدا، سەرەڕای ئاستەنگییەکانی پەدەکە و سیاسەتی هێزە نێودەوڵەتییەکان، دیسانەوە گەڕانەوە بۆ شنگال، دامەزراوە دیموکراتییەکانی خۆیان بونیادنا و ماوەی ١٢ ساڵە لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی سەربازیی، سیاسیی و ئابووریی لەسەر شنگال و دژی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت وەستاونەتەوە، هەبوونی خۆیان پاراستووە و گەشەیان پێداوە.

لە ڕاستیدا، هەرچەندە ناویشی لێنەنرابێت، بەڵام شۆڕشی شنگال بوو، ١٢ ساڵ؛ قۆناغێکی زۆر کورت بەڵام پڕاوپڕ کە لە کۆمەڵكووژییەوە بۆ شۆڕش و لە شۆڕشەوە بۆ ڕێنیسانس درێژ دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا قۆناغێکە پێمان دەڵێت کە دەبێت ئیتر ئێزدییەکان تەنیا بە کۆمەڵكووژی و تاڵانکارییەوە بەبیر نەهێنینەوە، بەڵکو ئیتر ناوی ئێزدییەکان بە ژیان و هەبوونەوە ببەستینەوە.

کۆمەڵگەی ئێزدی مێژوویەکی نوێی هەبوون دەنووسێتەوە

١٢ ساڵی دوای کۆمەڵكووژییەکە، کە بەشێکی گەورەی ئەم سەردەمەش بە گۆشەگیری و هێرشی سەختی دەوڵەتی تورک، پەدەکە و عێراق بۆ ئێزدییەکان تێپەڕی، وەک قۆناغێکی زۆر سەخت و پڕ لە ئەزموون بوو، کۆمەڵگەی ئێزدی ئیتر خاوەنی هۆشمەندی، ئەزموون، ئامرازەکانی ڕێکخستن و بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتییە کە دەتوانێت گۆڕانکاری و وەرچەرخانێک لە ئاستی ڕێنیسانسدا بکات.

ئێزدییەکان کە لە مێژوودا لە ڕیزی ئەو کۆمەڵگەیانەدان کە زۆرترین جار ڕووبەڕووی کۆمەڵکووژی بوونەتەوە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەوڵ دەدەن جیهان، ژیان و هەبوونییان سەرلەنوێ مانادار بکەنەوە، بە پاراستنی ناسنامە و باوەڕییەکەیانەوە پەیوەندی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و جیهاندا ببەستن، بە تێپەڕاندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان یەکێتیی ئێزدییەکان گەشە پێبدەن و بە هێزی سیاسەت و دیپلۆماسی کێشەی پێگەی قانونیی شنگال چارەسەر بکەن، لە بناغەی سەرکەوتنی ئەمانەشدا، دەیانەوێت مێژووی کۆمەڵكووژی تێپەڕێنن و مێژوویەکی نوێی هەبوون بنووسنەوە.

کۆمەڵگەی ئێزدی دەیەوێت پێگەی شنگال ڕوون ببێتەوە

لە ماوەی ڕابردوودا، بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ زۆرترین کاریگەریی لەسەر ئێزدییەکان دروست کرد؛ ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ دوای دەستپێکردنی قۆناغەکە پەیامێکی تایبەتی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی نارد و وتی: ئیتر بۆ ئێزدییەکان سەردەمی کۆمەڵكووژییەکان کۆتایی پێهات و سەردەمی ڕێنیسانس دەستپێکردووە.

کۆمەڵگەی ئێزدی ئێستا هەم بە ئەزموون و پێشکەوتنی ١٢ ساڵەی خۆی و هەم بەو هێزەی لەو پرۆسەیەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە، دەیەوێت پێگەی شەنگال ڕوون بکاتەوە، بوونی ئازادی کۆمەڵگەی ئێزدی مسۆگەر بکات و دیدگایەکی نوێ بۆ داهاتوو بونیاد بنێت.

دەبێت عێراق جێنۆسایدی ئێزدییەکان پەسەند بکات

سەرەڕای ئەوەی ١٢ ساڵ بەسەر کۆمەڵكووژییەکەدا تێپەڕیوە و بە دەیان وڵاتی جیهان کۆمەڵكووژیی ٢٠١٤ـیان وەک جێنۆساید ناساندووە، بەڵام دەوڵەتی عێراق تا ئێستا بڕیارێکی وەهای نەداوە، عێراق هێشتا دۆخی شنگال و بوونی کۆمەڵگەی ئێزدی لە چوارچێوەی سیاسەتی تەسک و بە لۆژیکی سەربازی هەڵدەسەنگێنێت، ئەمەش کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی مەترسیی نوێ دەکاتەوە.

لە ڕاستیدا عێراقیش بەرامبەر کۆمەڵكووژیی ٢٠١٤ بەرپرسە، چونکە سوپای عێراق پارێزگاریی لە کۆمەڵگەی ئێزدی نەکرد و شنگالی لە ژێر شمشێری داعشدا بەجێهێشت، عێراق هەم لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، هەم لە ڕووی ئەخلاقی و یاساییەوە لە بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا تاوانبار و بەرپرسە.

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە و بەسەریشدا تێپەڕیوە کە عێراق جێنۆسایدی ئێزدییەکان پەسەند بکات، مافەکانی خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی ئێزدی بناسێت، کۆمەڵگەی ئێزدی خاوەنی دیدگا و بەرنامەیەکی ستراتیژییە بۆ ئەمە، بەڵام ئایا لە ١٢ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵكووژییەکەدا دەوڵەتی عێراق ئامادەیە ئەم هەنگاوانە بنێت؟ بڕیار و هەڵبژاردنەکانی عێراق نە تەنیا کاریگەرییان لەسەر هەبوونی ئێزدییەکان دەبێت، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر داهاتووی عێراقیش دەبێت.

ب. جـ