ئەمڕۆ لە سەنتەری ڕۆشنبیریی سەرا، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژە جیاوازەکان و ڕۆشنبیران، کۆڕێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی چاپی شەشەمی پەرتووکی "یارسان دینێکی کوردییە" لە نووسینی نووسەر، ئەیوب ڕۆستەم ئەنجامدرا و لە کۆڕەکە باسی باوەڕمەندی یارسان و ناوەڕۆکی پەرتووکەکە کرا.

ئەیوب ڕۆستەم

لە کۆڕەکەدا ئەیوب ڕۆستەم، نووسەری پەرتووکەکە باسی لە ناوەڕۆکی پەرتووکەکە و ئاینی یارسان کردوو وتی: یەکەم بنەمای سەرەکیی  کە ئاینی یارسان لە دینەکانی تر جیا دەکاتەوە، هەبوونی فەلسەفەیە بۆ درووستبوونی دوونیا لەم ئاینە.

وتیشی: لەم پەرتووکەدا فەلسەفەیەک خراوەتەڕوو کە باس لە درووستبوونی گەردوون دەکات، کە زۆربەی خەڵک بێئاگایە لێی، من خۆم یارسانی نیم، بەڵام بەشدار، لە کەلتوور و مێژووەکەیاندا، ئامانجی لەم بەرهەمەش دەرخستنی ئەو جوانییەیە کە لەناو باوەڕمەندی یارسان هەیە.

هەروەها لە کۆڕەکەدا بەراوردکاری لە نێوان ئایینە جیاوازەکاندا کرا و ئەیوب ڕۆستەم باسیلەوەکرد، سەرجەم ئاینەکان لە بنەڕەتدا، لە ڕووی مرۆیی و قووڵایی فیکرییەوە خاوەنی خاڵی هاوبەشن، هەرچەندە لە ڕووی ڕێوڕەسم و شەریعەتەوە جیاوازییان لە نێواندا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەرتووکەکە بەراوردکاری لە نێوان تێڕوانینی یارسان و ڕوانگە فەلسەفییە جیاوازەکانی وەک ڕوانگەی ئەرستۆ و ئەفلاتۆن، لەسەر عەقڵ و چەقی زەویی و ئاسمان دەکات.

4 وێنە
1 / 4

س. ع