شەوی ڕابردوو لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور)، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان ٤٢ـەمین ساڵیادی ١٥ـی ئاب لە مەخموور بە ئاهەنگێکی جەماوەری پیرۆزکرا.

ئاهەنگەکە کە لە ناوەندی کەلتور و هونەری مەخموور بەڕێوەچوو، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی دامودەزگا و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و سەدان کەس لە دانیشتووانی کامپەکە تیایدا بەشداربوون.

گۆڕەپانی ئاهەنگەکە بە وێنەی ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدانی شۆڕش و ئاڵای کەجەکە ڕازێنرابووە و دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" بەرزکرایەوە.

لە یادەکەدا هەزار نەرەخی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی مەخموور قسەی کرد و شەهیدانی تەڤگەری ئازادیی لە کەسایەتی فەرماندە عگید (مەحسوم کۆرکماز)دا وەبیر هێنایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، قەڵەمەبازی ١٥ـی ئاب ژیان، کولتوور و هەبوونیان سەرلەنوێ خوڵقاند.

هەزار نەرەخی

لە درێژەی قسەکانیدا ڕاشیگەیاند، ١٥ـی ئاب هەنگاوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد بوو، ئەوە وەڵامی دڕندەیی فاشیزمی زیندانەکان بوو.

هەزار نەرەخی وتیشی: ئەگەر قەڵەمبازی ١٥ـی ئاب پێشنەکەوتبایە، کۆمەڵکوژییەکانی دۆڵی زیلان و دەرسیم و هتد، لە دژی گەلی کورد کۆتایی نەدەهات و ئەمڕۆ ناوی کورد و کوردستانیش نەدەبووە بابەتی گفتوگۆی پەرلەمانی تورکیا، ئەو پڕۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردوە، لەسەر هەمان ڕۆحیەتی ١٥ـی ئاب پێشکەوتووە.

لە چالاکییەکەدا بەڵگە فیلمێک سەبارەت بە قەڵەمبازی ١٥ـی ئاب پیشاندرا، دواتریش گرووپی کلتور و هونەر، ئەستێرەی زێڕین، گرووپی گۆرانیبێژی گوڵەکانی ئازادی، هونەرمەندان سومەیە محەمەد و سەعید ڕەزا بۆ گۆرانی وتن و نمایشکردنی هونەرەکەیان هاتنە سەر شانۆ.

بە گۆرانی هونەرمەندان و گرووپەکان ئاهەنگەکە تا درەنگانی شەو بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەردەوام بوو.

6 وێنە
1 / 6

بـ. قـ