ئەمڕۆ، لە ئۆفیسی پەنابەران لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، سەبارەت بە پرسی کۆچی گەنجان و مەترسییەکانی ڕێگاکانی کۆچ بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا.
بەکر عەلی ڕایگەیاند، ڕۆژانە گەنجی وڵاتەکەمان بە ڕێگا پڕمەترسیدارەکاندا دەپەڕنەوە بۆ ئەورووپا، دوێنێ ٣٦ کەس لە ژێر دەستی باندە قاچاخچییەکانی وڵاتی لیبیاوە لەلایەن دەزگای پاراستنی نیشتیمانی وڵاتی لیبیاوە ڕزگار کران و گەیەندرانە باڵیۆزخانەی وڵاتی عێراق لە لیبیا، ئەو کەسانەی کە ڕزگارکراون لە سەرەتایی ئەم مانگەوە ڕوویان لە وڵاتی لیبیا کردبوو بە مەبەستی گەیشتن بە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپا.
وتیشی: ئەوەی جێگەی داخە، کۆمەڵێک گەنجی دیکەی هەرێمی کوردستان کە بەشێکیان لە ١٥ـی ئاداری ٢٠٢٦ـەوە بەشێکی دیکەشیان لە کۆتایی ئەم مانگەوە چارەنووسیان نادیارە، ئێمە وەکو کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە سەرانسەری هەرێم، بەردەوام هۆشداریمان داوە لە ترسناکی ئەو ڕێگایە.
باسی لەوەشکرد، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ـەوە بەشێکیش لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کە کۆی گشتییان هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستانن و لە ٢٥٣ کەس پێکهاتبوون، لە دوای مەترسی و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە ژير دەستی میلیشاکانی لیبیا ڕزگار بکەن، بەڵام دواتر بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی عيراق و کۆمەڵێک کەسی دڵسۆز توانرا ڕزگار بکرێن.
هەروەها، بۆ ئەمساڵ وەکو کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان پێمان وابوو کۆچکردن لاوازبووە و کەمی کردووە، بەڵام ئەوەی بەدواداچونمان کردووە بەردەوامی هەیە و کۆچکردن لە هەڵکشاندایە.
وتیشی: بەهۆی ڕێگە پڕ مەترسییەکانەوە لە ئەمساڵدا ٢٠ کەس بێسەروشوێن بوون.
هاوکات، لە کۆتاییشدا سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژەی بەوەکرد، لە تەواوی هەرێمی کوردستان کۆچ بەردەوامە و لە هەڵکشاندایە، بەڵام سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین زیاترە.
ڤ.م
