ئەمڕۆ، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەبارەت بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر و کارگەیەکی درووستکردنی حەپی هۆشبەر، زانیاری خستەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەتای ئۆپراسیۆنەکە بە چاودێریکردنی جووڵەی ئەندامانی تۆڕەکە دەستی پێکرد، دواتر دوای وەرگرتنی مۆڵەتی دادوەر، مەفرەزەکان توانییان یەکێک لە ئەندامانی تۆڕەکە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیر بکەن، کە ماددەی هۆشبەری ئامادەکراوی بۆ بڵاوکردنەوە پێبوو، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ فراوانکردنی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان و دەستگیرکردنی سەرجەم ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە.

هەروەها باسیلەوەکرد، ئەو زانیارییانەی لە لێکۆڵینەوەکانەوە بەدەست هاتبوون، بوونە هۆی ئاشکراکردن و دەستبەسەرداگرتنی کارگەیەکی درووستکردنی حەبی هۆشبەر، ئەوەش هاوکار بوو لە پووچەڵکردنەوەی چالاکییەکانی تۆڕەکە و ڕێگریکردن لە گەیشتنی بڕێک لە ماددە هۆشبەرەکان بۆ دەستی فرۆشیاران و بەکارهێنەران.

لە بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکە توانرا دەستگیرا بەسەر زیاتر لە (٢.٥) کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەری کریستاڵ و نزیکەی (١٥) هەزار حەبی هۆشبەر، لە ئێستاشدا ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتباران گیراونەتەبەر و ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.

س. ع