ئەمڕۆ، لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، لە دووهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) بە درووشمی "بۆ یادی شەهیدانی ڕاگەیاندن دەبینە دەنگی ڕاستی و دادپەروەریی" پانێڵێک بە ناونیشانی (پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنووس و بەهێزکردنی کۆدەنگی نێوانیان) بەڕێوەچوو.

پانیڵەکە بۆ هەریەک لە (سارا قادر، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆی سلێمانی، سنوور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس و پەیمان عزەدین، پارێزەر) ڕێکخرابوو.

سارا قادر

سەرەتا سارا قادر باسی لە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژن کرد و بە دوو هێندە قورستر بۆ سەر ژنانی هێنایە سەرزمان و وتی:  بۆ سەلماندنی تواناکانمان پێویستیمان بە هەوڵێکی زۆر هەیە، بەشداریکردنی ژنان لە بواری پزیشکی، ئەندازیاری و پەروەردە بەرچاوە، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕۆڵی هەبووە لە دەرخستنی قەڵەمی ژن و گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگە، بەڵام لە بوارەکانی وەک سیاسەت هێشتا ئامادەیی ژنان لە ئاستی پێویستدا نییە، سیستەمی کۆتاش هەندێک جار ڕۆڵی ژنی کردووەتە ڕووکەش.

ئاماژەی بەوەشدا، لە بواری میدیاشدا، گرنگە ژنانی ڕۆژنامەنووس خۆیان بە زانست و خوێندنەوە پڕچەک بکەن بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانیان بکەن، جیا لە پێشکەشکاری، پێویستیمان بە دەرهێنەر و سیناریستی ژن هەیە تا ئازار و توندوتیژییەکان بەرجەستە بکەن، لە کۆتاییدا، بەرەوپێشچوون بە گلەیی ناکرێت دەبێت ژنان لە ناو ماڵەوە خەبات بۆ مافەکانیان دەست پێبکەن، بابەتی سیاسیی قورس بگرنە دەست و تۆڕێکی هاوبەشی کاریگەری میدیایی درووست بکەن.

سنوور ڕەحمان

هاوکات سنوور ڕەحمان جەختی لە جیاکاری ڕەگەزی لە ناوەندە میدیاییەکاندا کردەوە و وتی: جیاکاریی ڕەگەزی لە میدیادا پرسێکی تاکەکەسی یان ڕێکەوت نییە، بەڵکو عەقڵییەتێکی ڕێکخراوی پیاوسالارانەیە کە کار بۆ بە سەنتەرکردنی پیاو و دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەی مەعنەوی، سیاسی و ئابووری دەکات، میدیا بڕبڕەی پشتی بەرهەمهێنانەوەی ئەم هاوکێشەیەیە و ڕۆڵەکان بە ناهاوسەنگی دابەش دەکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا سنوور ڕەحمان تیشکی خستەسەر پرسی کوشتنی ژنان و جیاکارییەکان و بە پێویستی زانی لە کێشەیەکی کەسیی ڕووتەوە بگوێزرێنەوە بۆ پرسێکی سێکتەریی کۆمەڵایەتی و ڕای گشتی و وتی: مەترسیدارترین لایەنی ئەم سیستەمە کاتێکە کە کاریگەری دەخاتە سەر هۆشیاریی ژنان و وایان لێدەکات ئەم دۆخە قبوڵ بکەن و خۆیان لە گفتوگۆ گرنگەکاندا و سیاسییەکان پەراوێز بخەن، تێپەڕاندنی ئەم ڕەوشە بە هەوڵی تاکەکەسی سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو پێویستی بە هۆشیاریی قووڵ، تێکۆشانی بە کۆمەڵ و ئیرادەی هاوبەشی تەواوی ڕۆژنامەنووسان هەیە بۆ داڕشتنەوەی گوتارێکی میدیایی دادپەروەرانە.

پەیمان عزەدین

لە کۆتایی پانێڵەکەدا پەیمان عزەدین وتی: ڕووبەڕووبوونەوە و توندوتیژی دژی ژنانی ڕۆژنامەنوس و تیرۆرکردنیان، دەستدرێژییەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئازادیی ڕاگەیاندن کە لە باشووری کوردستان بەپێی باکگراوندی سیاسی یان کۆمەڵایەتی پەنای بۆ براوە، سەرەڕای ئەوەی یاسای ژمارە ٣٥ـی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان پارێزبەندی بۆ ڕۆژنامەنوسان دیاری کردووە، بەڵام هیچ بڕگە و ئاماژەیەکی تایبەتی بۆ پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنوس لە گێچەڵ و توندوتیژی جێندەری تێدا نییە، ئەم بۆشاییە یاساییە وایکردووە کە زۆرجار کەیسەکانیان بگوازرێنەوە بۆ یاسای سزادان یان یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە دامەزراندنی کۆمیسیۆن یان تۆڕێکی تایبەت بە ژنانی ڕۆژنامەنووس پێویستییەکی گرنگە تا وەک ئامرازێکی پشتیوانی و ئاگاداری کار بکات، ئەم سەکۆیە دەتوانێت هەنگاوی کاریگەر بنێت بۆ پێشنیارکردنی هەموارکردنەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری یان داڕشتنی یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی ژنانی میدیاکار، لەگەڵ ڕاهێنانیان لەسەر ئاسایشی ئەلیکترۆنی و پاراستنی هەژمارەکانیان، دامەزراندنی سەکۆکە دەتوانێت بێتە ناوەندی بەرزکردنەوەی هۆشیاری یاسایی تا ژنان لە بێئاگای ڕزگار ببن و کەیسە هەستیارەکان بە شێوازێکی بێلایەن بوژێنن.

سەبارەت بە دۆسییەی شەهید گوڵستان و هێرۆیش، پارێزەر پەیمان عزەدین وتی: هەر تاوانێک دەوڵەتی لەپشتەوە بێت ئەوا دۆسییەکەی ناگات بە ئەنجام، پێویستە ئەو دەوڵەتەی کە خاکی بەزێندراوە سکاڵای یاسایی تۆمار بکات و ڕێگریی لەو پیشێلکارییانە بگڕێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە کۆدەنگی و فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستانە تا داوا لە عێراق بکات بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو دۆسییەیە بکات و بگات بە ئەنجام و ڕێگە بە پیشێلکاریی دیکە نەدرێت.

لە کۆتایی پانێڵەکەدا لەسەر پرسەکان لە نێوان پانێڵست و میوانان گفتوگۆکرا، جەخت لەوە کرایەوە کە زەمینەیەکی کۆدەنگ بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس فەراهەم بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمیان.

ب. جـ

7 وێنە
1 / 7