سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف دوای ئەوە دێت، کە حکومەتەکەی عەلی زەیدی کۆمەڵێک هەنگاوی بۆ فشارخستنە سەر گرووپە چەکدارەکان نا تاوەکو چەکەکانیان ڕادەست بکەن و گرووپەکانیان هەڵبووەشێننەوە یان ئەندامەکانیان لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە فەرمییەکاندا تێکەڵ بکەن.

ئەم ئاڕاستەیانەی حکومەت پشتیوانیی هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی بەدەستهێنا، لەوانە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانیی ئیدارەى دەوڵەت، لە هەمان کاتدا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بە ئاشکرا داوای ڕێکخستنەوەى چەکیان لەلایەن دەوڵەتەوە کرد، لەگەڵ خستنەڕووی بژاردە بۆ ئەندامانی ئەو گرووپانە لە ڕیزەکانی دامەزراوە فەرمییەکاندا.

پێش سەردانەکەی قالیباف بۆ بەغداد، ئیسماعیل قاانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانێکی خێرای ئەنجامدابوو کە تێیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق کۆبووەوە، بەپێی ئەوەی ڕاگەیەندراوە یان لە کۆبوونەوەکانەوە دزەی کردووە، قائانی جەختی لەوە کردووەتەوە، چەکی گرووپە چەکدارەکان بەلای تارانەوە هێڵی سوورە و لە قۆناغی ئێستادا ناتوانرێت دەستکاری بکرێت.

قالیباف لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد پەیامی سیاسیی ڕوونی ئاڕاستە کرد، چونکە ستایشی ڕۆڵی مقاومەى ئیسلامى کرد.

لەم بارەیەوە، مەحموود حوسێنی شرۆڤەکارى سیاسی بە ڕۆژنیوزى ڕایگەیاند، سەردانەکەی قالیباف ڕەهەندی جۆراوجۆری سیاسی، ئابووری و ئەمنی هەڵگرتووە، یەکێک لە دیارترین پەیامەکانی بریتییە لە جەختکردنەوەی ئێران لەسەر گرنگی عێراق وەک قووڵاییەکی ستراتیژی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بەپێی ئەو سنوورە درێژەی کە هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

مەحموود حوسێنی

دەشڵێت: پەیامی دووەم بریتییە لە پێداگیریی تاران لەسەر پاڵپشتیکردنی ئەوەی پێی دەڵێت "مقاومە" و پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان، لێدوانەکانی قالیباف لە کاتێکدا گرنگیی تایبەتی هەیە کە حکومەتی عێراق ڕووی لە کۆنترۆڵکردنی چەک کردووە، هەڵوێستی ئێران بۆ دەستگرتن بە گرووپە چەکدارەکانەوە و نیشانەی ئەوەیە تاران ئامادە نییە وازیان لێ بهێنێت یان دەستبەرداری پڕۆژە هەرێمییەکەی بێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، پێشهاتە سەربازی و سیاسییەکانی ئەم دواییەى ئەمریکا سەرچاوەی نیگەرانیی تارانن، سەردانەکەی قالیباف لەم چوارچێوەیەدا دێت بۆ ناردنى پەیامێک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان کە ئێران دەستبەرداری عێراق نابێت و گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی بەجێناهێڵێت.

لە بەرامبەردا، کەتیبەکانی حزبوڵا تۆانیان قسەى خۆیان بەرامبەر عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق توندتر بکەنەوە و سێ مەرجیان دانا پێش چوونە ناو هەر لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ حکومەتدا دەربارەی پرسی چەکی گرووپەکان، کە لە پێشەنگیاندا کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا بوو لە عێراق.

ئەم پێشهاتانە نزیکەی شەش هەفتە پێش کۆتایی هاتنی ئەو مۆڵەتە دێن کە لەلایەن هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراقەوە دیاری کرابوو، کە بڕیارە لە ٣٠ـى ئەیلوولدا کۆتایی بێت بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.

هاوپەیمانیی ئیدارەدانی دەوڵەت لە ٥ـى ئابدا جەختی لە پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە کردبووەوە، هەروەها چالاکییەکانى دەرەوەى دەوڵەتى کە وڵات دەخاتە مەترسییەوە بە "یاساشکێن" وەسف کردبوو، هەروەها هۆشداریی دا هەر چالاکییەکی چەکداری لە دوای ٣٠ی ئەیلوول بەردەوام بێت، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

هـ.ئ