ڕانیە

لە شارۆچکەی ڕانیە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە چین و توێژەجیاوازەکان، کۆڕێک بۆ ناساندنی پەرتووکی “کلو” کە تایبەتە بە منداڵان و گەنجان بەڕێوەچوو، هاوکات لە کۆڕەکە جەخت لە گرنگی خوێدنەوەی پەرتووک کرا لە دنیای ئەمڕۆماندا.

ئەمڕۆ، لە کتێبخانەی ئەحمەدی کۆیی لە شارۆچەکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، کۆڕێک بۆ ناساندنی پەرتووکی “کلو، خەیاڵێک بەرە و دنیای ڕەنگاڵەیی” لە نوسینی ساڵەح میراودەلی بەڕێوەچوو.

لە کۆڕەکە ناساندن بۆ "پەرتوکی کلو، خەیاڵێک بەرە و دنیای ڕەنگاڵەیی"، کە ناوەڕۆکەکەی باس لە کۆمەڵێک چیرۆک و هۆنراوە دەکات و تایبەتە بە منداڵان و مێرد منداڵان، لە نووسینی ساڵەح میراودەلیە و لە لەلایەن سدیق عەلی، شاعیر ناساندنی بۆکرا.

سدیق عەلی

سدیق عەلی لە ناساندنی پەرتووکەکە وتی: نووسەر بەهۆی ئەوەی وڵاتی بەجێهێشتووە و ئێستاش لە دەرەوەی وڵات دەژی، بەزەحمەت چیرۆکەکان و نووسینەکانی کۆ کردووەتەوە، چونکە لەسەر کاغەزبوون و بەش بەش بوون، بۆیە دۆزینەوەی سەخت بووە.

وتیشی: لە ناوەڕۆکی پەرتوکەکەدا نووسەر کۆمەڵێک چیرۆکی بە شێوازی هۆنراوە نووسیوە، ئەوەش وادەکات سەرنجی منداڵان ڕابکێشێت و حەز و خولیایان بۆ خوێندنەوە و ئەدەب زیاتر بکات، ئامانج لە پەرتووکەکە پەروەردەکردنی منداڵانە، هەروەها ناساندنی بۆ کۆمەڵێک ناوچەی گەشتووگوزاری کوردستان دەکات.

هەروەها لە کۆڕەکە باسلەوەکرا، داهاتیی کلو دەبەخشرێتە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی، بە خوێندنەوە و کڕینی پەرتوکی کلوو، خوێنەر دەبێتە بەشێک لە هاوخەمی و هاوزۆری ئەو نەخۆشخانەیە.

لە کۆتاییشدا ئامادەبووان باسیان لە گرنگی خوێندنەوەی پەرتووک کرد لەمڕۆدا و پاشان واژۆ لەسەر پەرتووکەکە کرا.

5 وێنە
1 / 5

س. ع