ئەمڕۆ، سەبارەت بە ئاگرەکەی شەوی ڕابردووی تانجەرۆی سەربە سلێمانی، عەمید ئاری محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دا و کۆتا زانیارییەکانی خستەڕوو.

عەمید ئاری لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، لە کاتژمێر ١١:١٣ خولەک ئاگادار کراینەوە لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی نەوت لە تانجەرۆ و دەستبەجێ گەشتینە شوێنی ڕووداوەکە و لەگەڵ هاوڵاتییانی خۆبەخشدا تواندرا کاتژمێر ٥:٣٣ خولەکی بەرەبەیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت.

ئاماژەی بە زیان و قوربانییەکانیش دا و وتی: بە نزیکی سێ ملیۆن لیتر سووتەمەنی لە بەنزین و گازوایل سوتاوە و ٢٢ کەسیش برینداربوون کە برینی هەندێکیان سەختە، کە چواریان کارمەندی بەرگریی شارستانی بوون.

لە درێژەی قسەکانیدا عەمید ئاری جەختی کردەوە، کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دروستبوونی ڕووداوەکە هێشتا بەردەوامە و هەوڵ دەدەین مەرجەکانی سەلامەتی لەو شوێنانە بپارێزین بۆ ئەوەی ڕووداوی هاوشێوە درووست نەبێتەوە.

ب. جـ