پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە بە بانگەوازیی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد، ڕۆژ بە ڕۆژ گەرمتر دەبێت و زیاتر دەبێتە ڕۆژەڤی باکووری کوردستان و تورکیا و لە هەفتەیەکی جارەنووسسازدایە.
کەرەستەی سەرەکی پرۆسەکە چییە؟
بە هۆی ئەوەی لە دەستوور و یاساکانی دەوڵەتی تورکدا بە هیچ شێوەیەک ناسنامەی کورد قەبووڵ نەکراوە، جیاواز لە عەقڵییەتی نکۆڵی و سەرکووت کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری تورکیا هەوڵی لەناوبردنی کوردی داوە، ڕەهەندێکی یاسایی هەیە، تا چاکسازیی لە یاساکاندا نەکرێت، هیچ پرۆسەیەک ناگاتە ئەنجام.
خاڵی وەرچەرخانی پرۆسەکە ئەو پڕۆژەیاسا ١٥ مادەییەیە بەناوی یاسای چوارچێوە یان بنەڕەتی، کە بڕیار وایە سبەینێ ئاڕاستەی پەرلەمان بکرێت و ڕێگا بۆ سیاسەت واڵا بکات، بە پێی زانیارییەکان ئەو پڕۆژەیاسایە دوای دانووستانی چڕوپڕ لەلایەن ئاکەپەوە (وەک دەسەڵاتی یەکەمی دەوڵەت) ئامادە دەکرێت و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت.
هەرچەندە دەبوایە لە سەرەتای مانگی تەمووز پەرلەمان بکەوتایەتە پشووەوە، بەڵام بەهۆی فشارەکان لەسەر دەوڵەت و دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی بە پرۆسەکەوە، وادەی دەستپێکردنی پشووی پەرلەمان دواخرا بۆ ٢٤ـی تەمووز، دواتریش بە هۆی هۆشدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەر و ڕێبەر ئاپۆوە پەرلەمان ناچار بوو، پشووەکەی دوابخات بۆ سەرەتای مانگی ئاب.
ئەگەر هیچ ئاستەنگێک نەیەتە پێشەوە و ئیرادەیەکی بەهێز نیشان بدرێت ئەوا سبەینێ (دووشەمە) فراکسیۆنی ئاکەپە پڕۆژەیاساکە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات، بۆ ڕۆژی سێشەمەش ڕەوانەی لیژنەی داد دەکرێت و دوای ٤٨ کاتژمێر پڕۆژەیاساکە دەخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان و بە زۆرینەی دەنگ دەبێتە یاسا.
خۆ ئەگەر فراکسیۆنی ئاکەپە (سێشەمە) پرۆژەیاساکە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات، ئەوا بۆ ڕۆژی شەمە (١ـی ئاب) دەبێتە یاسا، ئەگەر دواتریش بکەوێت ئەوا ڕەنگە لە مانگی ئابدا پەرلەمان کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی ئەنجام بدات و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدات.
هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ و بەڕێوەبەرانی تەڤگەر چییە؟
هەرچەندە تا ئێستا ناوەڕۆکی ڕەشنووسە یاساکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام میدیاکانی تورکیا بە پێی عەقڵییەتی خۆیان باس لە ناوەڕۆکەکەی دەکەن، بەڵام بە وتەی مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕەشنووسێک بردراوەتە بەردەم ڕێبەر ئاپۆ و وێرای ئاماژەدان بەوەی کە "دەکرێت کەموکوڕی و ناتەواوی تێدا بێت بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەی؛ دەبێتە سەرەتایەک و دەرگایەکی نوێ دەکاتەوە، پێویستە پێشخبرێت".
پرۆژەیاساکە؛ کردنەوەی دەرگا بەڕووی سیاسەتدا
چاوەڕوان دەکرێت ئەو پرۆژەیاسایەی کە بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا ببێت بە یاسا، دەرگا بە ڕووی سیاسەت و چاکسازییە یاساییەکانی دیکەدا بکاتەوە؛ کە تا گۆڕانکاریی لە دەستووری تورکیاشدا درێژببێتەوە.
پڕۆژەیاساکە، کە بوو بە یاسا تەمەنی شەش مانگ دەبێت و سەرۆککۆمار دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بۆ شەش مانگی دیکەش درێژی بکاتەوە، سەرەتا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەهۆی "ئەندامبوون یان پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن" ناچار بە جێهێشتنی تورکیا کراون یان خزێندراونەتە زیندانەکان، لە ڕێگەیەوە دەگەڕێنەوە تورکیا و دەست بە تێکۆشانی سیاسیی دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان دوای ئەم هەنگاوانە، لە پەرلەمان کار لەسەر ئەو گەریلایانەی دیکە دەکرێت، کە بەشدارییان لە شەڕدا کردووە و لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی یاساکان و سیستەمی سزاوە یاسای دیکە دەردەکرێت یان چاکسازییان تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە و کاری سیاسیی بکەن.
سەرەنجام ئەوەی تا ئێستا گەیشتووەتە دەستی ڕاگەیاندنەکان ئەم زانیارییانەن، بەدەر لەوە ڕەشنووسەکە چی لە خۆ دەگرێت و چۆن دەبێت و هەنگاوەکانی داهاتوو چی دەبێت؟ ڕۆژانی ئایندە ڕوون دەبێتەوە، ئەوەشی کە قسەی کۆتایی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادییە، دەبێت پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیارییبکرێت؛ تا بتوانێت وەک بەردەنگ سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات و بگاتە ئەو ئەنجامەی کە کۆمارێکی دیموکراتیک بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ب. جـ
