بەبۆنەی ٤٢هەمین ساڵیادی ١٥ـی ئابەوە، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ژنان و وڵاتپارێزان سیمینارێک لە شنگال بەڕێوەچوو، کە تێیدا تیشکخرایە سەر واتا و گرنگیی ١٥ـی ئاب و قۆناغی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک.
سیمینارەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان هاوسەرۆکی کۆمۆنی گەلی شەنگال، ئامشێ کۆرکۆرکی، باسی لە واتا و گرنگیی یەکەمین تێکۆشانی چەکداری کرد کە بە پێشەنگایەتیی فەرماندار عەگید دەستی پێکردبوو، هەروەها ڕایگەیاند، ئەو یەکەم فیشەکەی هەڤاڵ عەگید لە بەرامبەر زوڵم و زۆرداریی دەوڵەتدا تەقاندی، بۆ گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و کۆمەڵگەی ئێزدی، بووە دەستپێکی تێکۆشان و خۆڕاگری.
وتیشی: عەگیدەکانی سەردەم لە کاتی فەرمانەکەدا خۆیان گەیاندە چیای شەنگال و ئەم کۆمەڵگەیەیان لە فەرمانەکە ڕزگار کرد؛ پەروەردەیان کردن و ڕێکیان خستن. وەک قوتابییانی هەڤاڵ عەگید، لەم شوێنەدا شەڕیان کرد و بە سەدان لەوان وەک مام زەکی و هەڤاڵ سەعید لەم ڕێگەیەدا شەهید بوون. لێرە بێت یان لە شوێنێکی تر جیاوازیی نییە، هەر کەسێک بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلانی ژێردەست تێکۆشابێت و شەهید بووبێت، ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی قەرزاریانی، لە سیمینارەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە ١٥ی ئاب بۆ هەموو گەلان ڕۆژێکی ژیانەوەیە و بەم شێوەیەی خوارەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا:
"لە وەها ڕۆژێکدا بە پێشەنگایەتیی فەرماندار عەگید لە بەرامبەر دەوڵەتی فاشیستی تورکیادا یەکەم فیشەک تەقێنرا، ئەم فیشەکە ترس و تۆقینێکی گەورەی لە ناو دەوڵەتدا درووست کرد. لە لایەکی ترەوە، ئەم فیشەکە بۆ گەلی کوردستان ورە و بڕوایەکی گەورەی خولقاند، بە جۆرێک گەل لە پشتی خۆیەوە بوونی هێزێکی پاراستنی بینی. هاوکات ئەم هەنگاوە بووە وەڵامێکیش بۆ زوڵم و زۆرداریی زیندانی ئامەد. چالاکییەکە لە ماوەیەکی کورتدا لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و دەنگی دایەوە، بەمەش هەزاران گەنج ڕوویان لە چیاکان کرد و پەیوەندییان بە ڕیزەکانی تێکۆشانەوە کرد. ئەم هەنگاوە تەنیا سەربازی و چەکداری نەبوو، بەڵکو لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕانکاریی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێنا.
ئێمە ساڵانە لە ساڵیادی ١٥ی ئابدا لە هەموو شوێنێک بە شایی و ئاهەنگ ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی لە مانگی ئابدا فەرمان بەسەر شەنگالدا هات، ئاهەنگ ناگێڕین، بەڵکو تەنیا یادکردنەوە بۆ شەهیدان ڕێکدەخەین. مام زەکی و هەڤاڵ سەعید بە گیانی هەڤاڵ عەگیدەوە تێکۆشانیان بەڕێوە برد و لەم مانگەدا شەهید بوون. ئەوان بە هەڵوێست و ئیرادەی خۆیان بوونە هێما بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی، ئێمەش هەرگیز ئەم شەهیدانە لە یاد ناکەین.
هەروەها لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکاندا باس لەوەش کرا، کە قۆناغی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک لە ئەنجامی قۆناغبەندیی ١٥ی ئابەوە بەدەست هاتوە و ڕاگەیەنرا، ئێمە ناتوانین ڕۆحیەتی ١٥ی ئاب و ڕۆژگاری ئهمڕۆمان لە یەکتر جیا بکەینەوە. ئهمڕۆ بە دەستپێشخەریی ڕێبەر ئاپۆ، قۆناغی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک دەستی پێکردووە. ڕێبەر ئاپۆ پێشتریش بە دەیان جار بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە و هاتنەدیی ئاشتی، ئەم دەستپێشخەرییەی گرتووەتە بەر. بەم قۆناغە گۆڕانکاریی زۆر هاتنە ئاراوە. بەتایبەت بە بانگەوازیی ڕێبەر ئاپۆ، بزووتنەوەی ئازادی هەنگاوی زۆر گرنگی نا. سەرباری ئەم هەنگاوە گرنگانە، دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا هیچ شتێکی بەرچاوی پێشنەکەش کرد، تەنیا لەم مانگەدا یاسایەکی دەرکرد. هەرچەندە ئەم یاسایە وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە نییە، بەڵام وەک هەنگاوێکی دەستپێک بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنرێت. بۆ سەرکەوتنی ئەم قۆناغە، ئەرک دەکەوێتە سەر شانی هەموومان. پێویستە بە گیانی ١٥ـی ئابەوە بەدەنگ بەرپرسیارێتییەکانمانەوە بچین و بە دامەزراندنی کۆمۆنەکان، ڕێکخستنبوونی خۆمان بەرەوپێش ببەین. بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز بکەین، پێویستە لە هەموو کایەکانی ژیاندا کۆمۆنەکانی خۆمان وەک کۆمۆنی پاراستن، کۆمۆنی پەروەردە و جۆرەکانی تر دابمەزرێنین. تەنیا بەم شێوازە دەتوانین وەفادار بین بۆ یاد و خەباتی شەهیدان.
س. ع
