مانگی ئاب لە مێژووی کۆمەڵگەی ئێزدی، مانگی ئازار و فەرمانە، هەربۆیە لە درێژەی چالاکییەکانی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی لە مانگی ئاب لە شنگال و دەورووبەری، ئەمڕۆ لە لایەن دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانەوە، بە مەراسیمێک شەهیدانی مانگەکانی تەممووز و ئاب بەبیرهێنرانەوە.
لە ١٥ـی ئابی ۲۰۱۸دا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ئێزدی، مام زەکی شنگالی لە هێرشێکی ئاسمانیدا شەهید کرا، دوای سێ ساڵ، لە ۱٦ـی ئابی ساڵی ۲۰۲۱ فەرماندەی یەبەشە سەعید حەسەن لە ناوەندی شنگال لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا بە ئامانج گیرا و شەهید بوو. هەروەها ڕۆژێک دواتر، لە شەوی ۱۷ـی ئابی ۲۰۲۱دا نەخۆشخانەی گوندی سکێنیە بۆردومان کرا و لەو کۆمەڵکوژییەدا ۸ کادیر و شەرڤان شەهید بوون، ئەو هێرشانە هەموویان درێژەپێدەری فەرمانی ۲۰۱٤ بوون.
مەراسیمی یادکردنەوەکە بە بەشداریی نوێنەرانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی، بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی ناوچەکە، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر لەلایەن دایکانی شەهیدەوە مۆم داگیرسێنران و وتار پێشکەش کران.
لە سەرەتادا لەسەر ناوی فەرماندەیی یەبەشە (YBŞ) هادی ئیلیاس وتی: ئێمە لە کەسایەتیی شەهیدانی مانگی تەممووز و ئابدا، سەرجەم شەهیدانی ئازادی بە ڕێز و حورمەتەوە یاد دەکەینەوە، ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەر خاکەکەمان و پێشەنگەکانمان، درێژەپێدەری فەرمانی ۳ـی ئابن، دوژمن دەیوت بەم هێرشانە ئیرادە و بەرخۆدانی گەلەکەمان بشکێنێت و لە خاک دوورمان بخاتەوە. بەڵام با هەمووان باش بزانن کە ئێمە وەک یەبەشە و یەژەشە بۆ پاراستنی شنگال و بەهاکانی شەهیدانمان ئامادەین هەموو جۆرە قوربانییەک بدەین، ڕێبازی شەهیدانمان ئەمانەتی ئێمەن، ئێمە بە ئیرادەیەکی گەورەوە بەردەوامی بە بەرخۆدانمان دەدەین و هەرگیز پاشەکشە ناکەین.
دواتر هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی شنگال ئازاد حوسێن باسیلەوەکرد، کۆمەڵگەی ئێزدی لە سایەی شەهیدەکانییەوە لەسەر خاکەکەی خۆی، ئیرادەی ئازادی خۆی بنیات ناوە، شەهیدانی ئێمە ڕێگەیان نەدا فەرمانەکان سەربکەون، بۆ ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ بە سەربەرزی بژین گیانی خۆیان بەخشی، شەهیدانی مانگەکانی تەمموز و ئاب هێمای هەڵوێستی ئازادانەی ئێمەن، گەورەترین ئەرکی ئێمەش ئەوەیە کە خاوەنداری لە ڕێکخستنبوون، بەڕێوەبەری و دامەزراوەکانی خۆمان بکەین، ئێمە لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێبەریی ئازاد و ڕێبازی شەهیدان، بەرخۆدانمان گەورەتر دەکەین و ئەو بەڵێنەی بە شەهیدانمان داوە جێبەجێی دەکەین.
هەروەها لەسەر ناوی دەستەی تەندرووستیی شنگالیش زەلال شنگالی ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و سەرەتادا شەهیدانی مانگی ئاب و شەهیدانی نەخۆشخانەی سکێنیەی یاد کردەوە، هەروەها بەڵێنی بەردەوامیدان بە خەباتی شەهیدانی دا.
دوای وتارەکان، لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهیدان سینەڤزیۆنێک پێشاندرا و مەراسیمەکە بە وتنی دروشم کۆتایی هات.
س. ع
