دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەسەر شەقامی ڕوباری شین لە شارەدیی شیلادزێی سەربە شارۆچکەی ئامێدی، ڕووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هێزەکانی دەوڵەتی تورک و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە شۆفێرەکەی دانیشتووی ناوچەکەیە ڕوویدا.
سەبارەت بە وردەکاریی ڕووداوەکە، هاووڵاتییەکی ناوچەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەی تورکیا بە مەبەست ڕێگەی لەو هاووڵاتییە گرتووە تاوەکو پێشی بکەوێت، ئەمە لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو بارهەڵگرەکەی پڕ بووە و پێویست بووە بە زووترین کات بگاتە شوێنی مەبەست و تێپەڕێت.
وتیشی: بەڵام ڕەفتاری هێزە سەربازییەکانی تورکیا بووە هۆی دروستبوونی کێشە لە ڕێگەکەیدا و دواتر ڕووداوەکەی لێ کەوتووەتەوە.
هەروەها پەیامنێری ڕۆژنیوز باسیلەوەشکرد ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی لێ کەوتووەتەوە، هاوکات دوای ڕووداوەکە، هێزە سەربازییەکەی تورکیا ئەو هاووڵاتییەیان ڕاگرتووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بوونی ئەو هێزانە لەو شوێنە نایاسایین و چەندینجارە ئەم ڕووداو و گرژییانە دووبارە دەبنەوە، بەهۆی بوونی سەرباز و جموجوڵی هێزەکانی دەوڵەتی تورک لەو ناوچانە، بەردەوام نیگەرانی و کێشەی هاتوچۆ و ئەمنی بۆ دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە درووست دەکات.
س. ع
