سلێمانی

لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و توێژە جیاوازەکان، بە میوزیک و گۆرانی ٥٤هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند، حەسەن زیرەک بەرز ڕاگیرا و هونەرمەندێکێش ڕایگەیاند، حەسەن زیرەک موڵکی هەموو کوردە و قوتابخانەیەکی هونەرییە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادی شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، بە بۆنەی ٥٤هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد، حەسەن زیرەک، ئێوارە کۆنسێرتێکی بە ناونیشانی"نەوایەک لە سلێمانیەوە بۆ ناڵەشکێنە" سازکرد، لە کۆنسێرتەکە هەریەک لە هونەرمەندان، لوقمان سەلیم و کاروانی نەی و یاسین محەمەد بەشدارییان کرد.

موحسین ئەدیب

لەو بارەیەوە موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیریی سلێمانی وتی: ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد، حەسەن زیرەکە، ساڵیادی گەرویەکی ئەلماسی ئێمەیە، بۆیە بە پێویستمان زانی وەک بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی بە کۆنسێرتێک ئەم یادە بکەینەوە، کە سێ گۆرانی بێژ تێیدا بەشداربوون و گۆرانییەکانی حەسەن زیرەکیان وتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵ دەدەین هەموو ساڵێک یادی ئەم هونەرمەندە بکەینەوە، حەسەن زیرەک موڵکی هەموو کەسە، حەسەن زیرەک قوتابخانەیەکی هونەرییە و هەموو هونەرمەندان حەز دەکەن گۆرانیەکانی بڵێنەوە، ئەرکی حکومەتە کە گرنگی بەم هونەرمەندانە بدات و یادیان بکاتەوە، چونکە گەرووی گەلێکن و زیندوێتی گەل دەپارێزن.

کاروانی نەی

هەروەها هونەرمەند، کاروانی نەی کە یەکێک بوو لە بەشداربووەکانی کۆنسێرتەکە باسیلەوەکرد، لەم کۆنسیرتەدا گۆرانیەکانی حەسەن زیرەکمان وتەوە، ئەم هونەرمەندە گەورانە چەندین گۆرانی تایبەتیان پێشکەش کردووە و دەبێت ساڵانە یادەکانیان بەرز ڕابگیرێت، دەبوو ئەم یادە ساڵانە گرنگی زۆری پێبدرایە، لە ئێستادا ئاوڕ نادرێتەوە لەم کەڵە هونەرمەندانە.

هەروەها وتیشی: بەداخەوە زیاتر خزمەت بە ئاواز و گۆرانی بێگانە دەکەین و تێکەڵ بە ئاوازی کوردی دەکەین و هونەرمەندانی خۆمان پشت گوێ دەخەین، هیوادارم وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئاوڕ لەم لایەنە بداتەوە و ڕاگەیاندنەکان نەهێڵن ئەو جۆرە هونەرە لە شاشەکانیان پەخش بکرێت، هونەری کوردی زۆر مانادارە، ئاساییە گۆرانی ئەو هونەرمەندانە بوترێتەوە، بەڵام نابێت بەناوی مۆدێرنەوە بشێوێنرێت و دەستکاریی بکرێت.

حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٧١ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبێت و لە دوای ساڵێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکەی لە ڕۆژی ٢٦ـی حوزەیرانی ١٩٧٢ ژیانئاوایی کرد، لەسەر داواکاری خۆی لە کێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ بە خاک دەسپێردرێت، ساڵانەش لە ساڵیادی کۆچی دواییدا، لەلایەن هونەرمەندان و هونەردۆستانی گەلی کوردەوە بەبیردەهێنرێتەوە.

7 وێنە
1 / 7

س. ع