ئێوارەی ئەمڕۆ، لەسەر مەزاری شەهید هێرۆ بەهادین لە شاری سلێمانی، لەلایەن کەسوکاری شەهید و هاوڕێ و خەباتکارانی کۆمپانیای چەتر، لە دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا، هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس " گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" بەبیرهێنرانەوە و پەیمانی بەردەوامییان بە ڕێبازی شەهیدان دا.

هاوژین شوانە

لە مەراسیمەکە هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان، هاوژین شوانە و سنور ڕەحمان قسەیان کردوو ڕایانگەیاند، جارێکیتر وەفا و سۆزی ڕاگەیاندنی ئازاد بۆ ڕۆحی هەردوو شەهید دووپاتدەکەینەوە، جێگای شانازییە کە لە نزیک دایک و باوکی شەهید وەستاوین.

وتیشیان: خوێنی شەهید هێرۆ و گوڵستان تارا خوێنی ڕاستی گەلی کوردە، تاکو تێکۆشانی ڕاستی و ئازادی گەلی کورد هەبێت ئەو خوێنە وشک نابێتەوە، ئەوان شەهیدی هەر چوار پارچەی کوردستانن.

بێریڤان بەهادین

هاوکات، بەهادین عەبدوڵا، باوکی شەهید هێرۆ لە مەراسیمەکە سوپاسی ئامادەبووانی کرد کە لە یادی شەهید کردنی گوڵستان و هێرۆ ئامادەبوون، پاشان، بێریڤان بەهادین، خوشکی شەهید هێرۆ وتی: هیوادارم ساڵێکیتر لێرە کۆببینەوە و مژەدەی بە سزاگەیاندنی تاوانباران ڕابگەیەنین و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن.

لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤، هەردوو شەهیدانی ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" لە شارۆچکەی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید کران.

7 وێنە
1 / 7

س. ع