ئەمڕۆ، لە فامیلی مۆڵی شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەکی بەرچاو لە توێژە جیاوازەکان، یەکەمین پێشانگای تایبەت بە پەرتووکی کوردی بە ناونیشانی "پەرتووکی کوردی ماڵێک بۆ زمان و ناسنامە" کرایەوە و لە پەراوێزی پێشانگەکەدا سیمینارێک ئەنجامدرا.

پەرتووکەکانی پێشانگاکە پێکهاتبوون لە بوارەکانی، مێژوویی، کولتووریی، سیاسیی، هونەریی، کۆمەڵایەتیی، منداڵان و ژنان.

سیمینارەکەش بە ناونیشانی "هەستی خۆبەکەمزانینی کورد، هۆکار، ئاکام و چارەسەری" بۆ نووسەر و لێکۆڵەر سۆران حەمەڕەش ڕێکخرا و تیشکی خستەسەر ڕەهەندە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دیاردەیە و باسی لەوە کرد، کە پرۆسەی داگیرکاری، پاشکۆکردنی فەرهەنگی و سیاسی بە درێژایی مێژوو، بوونەتە هۆی لاوازبوونی متمانەی تاک بە زمان، کولتوور و تواناکانی خۆی.

هەروەها سۆران حەمەڕەش تیشکی خستە سەر ئاکامە نەرێنییەکانی دیاردەی خۆبەکەمزانین و وتی: یەکێک لەوانە پەراوێزکەوتنی زمانی دایک، لاوازبوونی بەرهەمهێنانی هزریی سەربەخۆ و بەرزنرخاندنی بێپێوەری فەرهەنگی دەرەکی لەسەر حساب و تێکدانی ناسنامەی خۆیی.

وەک ڕێگەچارەش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، سۆران حەمەڕەش جەختی لەسەر ئاوڕدانەوەی زانستییانە لە مێژوو، بەهێزکردنی بنەماکانی پەروەردەی سەردەمیانە و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ توانا و بەرهەمە ناوخۆییەکان کردەوە، تاوەکو تاکی کورد بە بڕوابەخۆبوونەوە بەرەوڕووی ئاڵۆزییەکانی جیهانی هاوچەرخ ببێتەوە.

8 وێنە
1 / 8

ب. جـ