دوای ئەوەی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەپەژەوە، وەک پشتگیرییەک لە یەپەژە، لە شاری سلێمانی خولێکی تۆپی پێ دەستی پێکرد، ئەمشەو، یاری کۆتایی لە نێوان هەردوو تیپی شەهید زیاد و زاگرۆس ئەنجام درا، یاریەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و نوێنەری لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، یارییەکە بە بردنەوەی تیپی زاگرۆس بە ئەنجامی سێ بە دوو کۆتایی هاتوو خەڵات بەسەر یاریزاناندا دابەشکرا.
لە سەرەتای یاریەکەدا پەیامی سوپاسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی ژنان سوپاس و ڕێزی بێپایانی خۆمان ئاراستەی "تیپی تۆپی پێی ڕۆژئاوا" دەکەین، بۆ ڕێکخستنی ئەم خولە وەرزشییە، خولێک کە هەڵگری پەیامی هاوپشتی و پشتیوانی بوو بۆ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ).
وتیشی: ئەم دەستپێشخەرییەی ئێوە وشیارییەکی ڕاستەقینە سەبارەت بە گرنگیی ڕۆڵی وەرزش لە بەهێزکردنی گیانی هاوکاری و پشتیوانیدا نیشان دەدات، هەروەها گۆڕەپانی وەرزش دەکاتە شوێنێک بۆ گەیاندنی پەیامی مرۆیی و نەتەوەیی، کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پشتیوانیکردنی دۆزی ژنان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە؛ وەستاندن لە پەنای خەباتی ژنان بۆ ئازادی و کەرامەت، هەڵوێستێکە لە سنووری جیاوازییە سیاسییەکان و ئینتیما جیاوازەکان تێدەپەڕێت.
لە درێژەی پەیامەکەی یەپەژە ئاماژە بەوەشکرا، ئێمە بایەخێکی گەورەوە لەم دەستپێشخەرییە دەڕوانین و بە پەیامێکی ڕێزلێنان لە قەڵەمی دەدەین بۆ ئەو ژنەی تێدەکۆشێت، پارێزگاری دەکات و بەشدارە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و ئازادتردا. هاوکات شانازی بە هەموو ئەو کەسانەوە دەکەین، کە بە دڵسۆزییەوە پشتیوانی لە دۆزی ژنان دەکەن، بەتایبەتی ئەو گەنج و وەرزشوانانەی بڕیاریان داوە چالاکییە وەرزشییەکەیان بڕەخسێنن وەک پردێک بۆ هاوپشتی و پشتگیری.

لە کۆتایشدا وتی: بۆ ڕێکخستنی ئەم خولە، گەرمترین ڕێز و سوپاسی خۆمان پێشکەش دەکەین و هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ "تیپی تۆپی پێی ڕۆژئاوا" دەخوازین، بەو هیوایەی وەرزش هەمیشە ببێتە مایەی کۆبوونەوەمان لە دەوری بەهاکانی هاوپشتی، برادەرایەتی و ئازادی.
دواتر شیرین محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کۆنگرە ستار ڕایگەیاند، ئەم خولەی تۆپی پێ کاتی پشتیوانییەکان لە یەپەژە دەستی پێکرد، ئەمڕۆ یاری کۆتایی ئەنجام درا، ئامانجی ئەم پشتگیرییە بۆ ئەوەبوو یەپەژە لە دەستوری سوریادا جێی خۆی بگرێت، هەتا یەپەژە مافی خۆی بەدەست نەهێنێت ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم هەڵمەتە و چالاکییەکان هەمەچەشنە دەکەین و مافی هەرکەسە پشتیوانی ئەم هەڵمەتە بکات و ئێمە وەک کۆنگرە ستار هاوکاری ئەم دەورەمان کردووە.

هەروەها یەڵماز ئیسماعیل، یاریزانی تیمی زاگرۆس باسیلەوەکرد، ئەمە یاری کۆتایی خولەکە بوو، لە نێوان تیپی زاگرۆس و شەهید زیاد بەڕیوە چوو، تیپی زاگرۆس سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ، ئەم دەورانە بەردەوامبن باشە و پێویستە گەنجان پشتیوانی یەپەژە بکەن، بەتایبەت وەرزشوانان، هیوای سەرکەوتن بۆ یەپەژە دەخوازم.
س. ع
