ئەمڕۆ، لە کارگەی کەلتووریی شاری سلێمانی، ناوەندی ژینگە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان سیمینارێکی بە ناونیشانی "زیندووگەرایی فیکری ژینگەیی و پیشەسازگەرایی دژی ژینگە" بۆ نەورۆز فازیل چالاکوانی ژینگەیی ڕێکخست.

لە سیمینارەکە نەورۆز فازڵ باسیلەوەکرد، کە تێگەیشتنە فکرییە ڕووکەشەکان زیانی گەورەیان بە چەمکی جەوهەریی ژینگە گەیاندووە، بەپێی خوێندنەوە مێژووییەکان، کۆمەڵگە سەرەتاییەکان لە قۆناغی "ئانیمیزم" و چاخی بەردینی نوێ (نیۆلەتیک) توانویانە هاوسەنگییەکی بەهێز لەگەڵ سروشتدا بپارێزن، لەو قۆناغەدا کە ڕێبەرایەتی کۆمەڵگە لەلایەن ژنانەوە دەکرا، بەهۆی نەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاریی و کەرەستەی تێکدەر، سرووشت وەک پیرۆزییەک دەبینرا و ژن وەک ڕێکخەر و پارێزەری خاک ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی گۆڕانکارییە مێژووییەکان، لەگەڵ سەرکەوتنی دەسەڵاتخوازیی پیاوسالاریی و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، یەکەمین هەنگاوی وێرانکاری بە داگیرکاریی کەسایەتیی ژن و دەستبەسەرداگرتنی سروشت دەستی پێکرد، ئەم ئاراستەیە لە سەدەی هەژدەهەمدا و بە دەستپێکردنی شۆڕشی پیشەسازی لە فەڕەنسا قووڵتر بووەوە، تا لە سەدەی نۆزدەهەمدا گەیشتە لووتکەی سیستەمی سەرمایەداری، بە ئاوێتەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت و پیشەسازی، سروشت و مرۆڤ بوونە قوربانیی قۆرغکاری، خولقاندنی هەژاری، و بەکاڵاکردنی ژنان لەلایەن سیستەمەکەوە.
لە کۆتاییدا نەورۆز فازیل وتیشی: گەیشتنی سەرمایەداری و پیشەسازی بەم ئاستەی ئێستای، مەترسی ڕاستەوخۆی لەسەر مانەوەی مرۆڤایەتی درووستکردووە، وەک چارەسەریش، جەختی لە "مۆدێرنیتەی دیموکراتی" کردەوە کە لەسەر بنەمای بەهێزکردنی کۆمەڵگە دارێژراوە، ئەمەش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ بووژانەوەی سروشت و لادێکان خۆشدەکات، هەروەها هاوسەنگیی نێوان کۆمەڵگە و ژینگە دەگەڕیتەوە.
س. ع