لیوای ٦٣ـی حەشدی شەعبی سەبارەت بە هێرشێکى چەتەکانى داعش بۆ سەر هێزەکانیان لە سنوورى شارۆچکەى خورماتوو، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ خاڵێکی سەربازیی فەوجی کۆماندۆ لە لیوای ٦٣ لە سنووری چیاکانی مەرسا عەلی لە شارۆچکەى خورماتوو، ڕووبەڕووی پەلامارێکی چەکدارانی داعش بووەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی فەوجی کۆماندۆ دەستبەجێ بەرپەرچی پەلامارەکەیان داوەتەوە و لەگەڵ چەکدارەکاندا کەوتوونەتە شەڕەوە، بەوهۆیەوە تەقە لە نێوانیان ڕوویداوە، چەتەکانیان ناچار کردوون بەرەو ناوچە سەختەکان هەڵبێن بەبێ ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.

فەرماندەیی لیوای ٦٣ جەختیشی کردووەتەوە، هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جووڵەیەکی تیرۆریستی کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتى عێراق ساڵی ٢٠١٧ بەشێوەیەکى فەرمى کۆتایهاتنى چەتەکانى داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستاش ناوبەناو مەترسی بۆ سەر جوتیاران و هێزە ئەمنییەکان درووست دەکەن.

هـ.ئ