بەپێی ئەو زانیارییانەی لەو سەرچاوانەوە دەست کەوتوون کە لە ناو ئەم پڕۆسەیەدا بەشدارن، ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا دانووستاندنێکی بەڕێوە برد و لە مانگی نیساندا سازانێک هاتە ئاراوە. بەپێی سازانەکە، دەبوو دەوڵەت ڕەشنووسێک ئامادە بکات و ڕادەستی شاندی دەم پارتی و کۆنسەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی بکات. ڕەشنووسەکانی دەم پارتی و دەوڵەت لەلایەن کۆمسیۆنەکانەوە دانووستاندنیان لەسەر دەکرا و بەپێی سازانەکە، دەبوو ڕەشنووسەکە لە مانگی ئایاردا وەک "یاسای چوارچێوە" لە پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت.
بەڵام دەوڵەت لەسەر بەڵێنەکەی خۆی نەبوو. هەر جارە و بیانوویەکی دۆزییەوە و ڕەپێشنووسەکەی ڕادەستی شاندی دەم پارتی نەکرد، بەم هۆیەوە پڕۆسەکە گەیشتە بنبەست. بەپێی سەرچاوەکە، هەرچەندە شاندی دەوڵەت لەناو پڕۆسەکەدا بیانووی وەک "هێشتا ڕەشنووسەکە تەواو نەبووە" و "هەندێک لایەن لەناو دەوڵەتدا هێشتا باوەڕیان پێ نەهێنراوە"ـیان دەهێنایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکارەکان جیاواز بوون.
بەپێی سەرچاوەکان، سێ هۆکار بۆ ئەم گۆشەگیرییە هەبوون کە لە هەمان کاتدا پڕۆسەکەیان تووشی بنبەست دەکرد؛ یەکەم: ئەمە پڕۆسەیەکی دانووستاندن و تێکۆشانە. دەوڵەت هەرچەندە لە لایەکەوە دانووستاندن بەڕێوە دەبات، بەڵام هەوڵ دەدات لە پێشهاتەکانی دەرەوە کەڵک وەربگرێت و پێگەی خۆی بەهێز بکات. هەمان شت بۆ ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادییش ڕاستە. ئەمە پڕۆسەیەکە کە تێکۆشان و دانووستاندن تێیدا پێکەوە بەڕێوە دەچن. لەم چوارچێوەیەدا، دەسەڵات چاوەڕوانی لووتکەی ناتۆ بوو؛ بەو هیوایەی لە لووتکەی ناتۆوە هەندێک بەڵێن و ڕێککەوتن بەدەست بهێنێت کە دەستی بەهێز بکەن و بەپێی ئەو پێگەیە هەڵوێست وەربگرێت.
دووەم: جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران فاکتەرێکی تر بوو. تورکیا زۆر لەم جەنگە دەترسێت؛ نیگەرانە لەوەی کورد لەو دۆخەی لە ئەنجامی ئەم جەنگەوە دێتە ئاراوە سوود وەرگرێت. دوای ئاڵوگۆڕی ئاگربەست و ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، تا ڕادەیەک هەستی بە ئارامی کرد و ویستی پڕۆسەکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی درێژ بكاتەوە و ئەم بابەتە وەک گوشارێک بەکار بهێنێت.
سێیەم: خاڵێکی دیکە هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ بوو. هەرچەندە دەوڵەت ئاستەنگی لە دیداری ڕێبەر ئاپۆش کردبێت لە ماوەکانی ڕابردوودا دیداریان ئەنجامداوە. بەپێی سەرچاوەکان لەم دیدارانەدا دەوڵەت هەوڵیداوە هەندێک گۆڕانکاریی لەو ڕەشنووسەدا بکات کە بڕیاربوو لە ئەنجامی سازانی مانگی نیسان هاتبووە بەرهەم. ویستوویەتی ڕێبەر ئاپۆ و بەڕێوەبەریی تەڤگەر و ژمارەیەک زیندانیی سیاسیی بە بیانووی ئامادەنەبوون، لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساکە بهێڵدرێنەوە. بەپێی سەرچاوەکان بە هۆی ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی ڕەتکردووەتەوە، ئەوا ڕاوەستان ڕوویداوە.
باشە، چی بوو دیسانەوە دیدارەکان دەستیان پێ کردەوە؟ بەپێی سەرچاوەکە، چونکە هیچ پێشهاتێک بەپێی حیساباتەکانی دەوڵەت پێشنەکەوت. دەوڵەت وای دەزانی جەنگی ئەمریکا و ئێران کۆتایی پێ هات بەڵام وا دەرنەچوو و دیسانەوە دەستی پێ کردەوە و دیارە وەک بابەتێکی درێژخایەن بەردەوام دەبێت. چاوەڕێی ئەوە بوو لە لووتکەی ناتۆدا ڕۆڵ و ئەرکێکی نوێ وەربگرێت، بەڵام ئەمەش ڕووی نەدا. بە گۆشەگیری و گوشار هیوای دەخواست گۆڕانکاری لە ڕێککەوتنی ئێستادا بێنێتە ئاراوە، بەڵام تووشی ڕەتکردنەوە و بڕیاری پێداگرانەی ڕێبەر ئاپۆ بووەوە. لە ئەنجامی ئەم دۆخەدا، ناچار بوو "یاسای چوارچێوە" بێنێتە ڕۆژڤی پەرلەمانەوە.
بەپێی سەرچاوەکە، دیداری کۆتایی لەگەڵ پێکهاتەیەکی بەرفراواندا بەڕێوە چوو؛ ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ سکرتاریەتەکەی، شاندی دەم پارتی و شاندی دەوڵەت لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا بەشدارییان لە دیدارەکەدا کرد. لە ئەنجامی گفتوگۆیەکدا کە پێنج کاتژمێری خایاند، لەسەر چوارچێوەی یاساکە ڕێککەوتنێک هاتە ئاراوە. ڕاگەیاندرا کە ڕێبەر ئاپۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ هەموو کەموکوڕییەکانیشدا، ئەم چوارچێوەیە وەک کردنەوەی دەرگای چارەسەریی پرسی کورد و دیموکراسی دەنرخێنێت.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاند، بەپێی سازانەکە، دەبێت ڕەشنووسی یاساکە لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ دەم پارتیدا بەش بکرێت و بەپێی ئەو ڕەشنووسەی دەم پارتی ئامادەی کردووە، تەواو بكرێت. دواتر هەفتەی داهاتوو لە لیژنەکانی پەرلەمانی تورکیادا هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت و لە کۆبوونەوەی گشتیدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت.
بەپێی یاساکە، دەبێت ئەو لیژنانەی پێویستن بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە، بەیاسایی بكرێن. لەم لیژنانەدا لە لایەکەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت و لە لایەکی ترەوە ڕێبەر ئاپۆ و ئەو کەسانەی ڕاسپێردراون بەشدار دەبن. ئەم لیژنانە بەپێی دەستووری تورکیا ئیتر بە ئاشکرا پڕۆسەکە بەڕێوە دەبەن. ئەو کار و بوارانەی تا ئێستا بە شێوەیەکی کرداری بەڕێوە دەچوون، ئیتر بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوە دەچن. لیژنەکان لە لایەکەوە بابەتی چەکدانان و لە لایەکی تریشەوە یاسا پێویستەکانی دیموکراتیزەبوون دەردەکەن.
بەپێی یاسای چوارچێوە، هەموو ئەو یاسایانەی دژی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەردەکران و بەکار دەهێنران، وەک "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت. ئەم یاسایە لە سەرەتادا ڕێبەر ئاپۆ و هەموو بەڕێوەبەرانی تەڤگەری ئازادی، ئەندامانی تەڤگەرەکە، وڵاتپارێزان، لایەنگران و هاوپەیمانانی تەڤگەری ئازادی دەگرێتەوە. بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ ئەوانەی لە زیندانەکاندان ئازاد دەکرێن، هەروەها ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات و لە چیان، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان و بەشداری لە سیاستدا بکەن.
زیانی هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی لایەنگری، هاوکاری و پەیوەندییان لەگەڵ تەڤگەری ئازادیدا ڕووبەڕووی پەلاماری فاشیزم بوونەتەوە، لەسەر کارەکانیان دەرکراون یان دەستبەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیراوە، بەپێی یاسا قەرەبوو دەکرێتەوە و چارەسەر دەکرێت.
ڕێبەر ئاپۆ دوای دەرچوونی یاساکە بە شێوەیەکی کارا پڕۆسەکە بەڕێوە دەبات. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی یاساییدا و بەپێی هەلومەرج و بارودۆخە نوێیەکان سکرتاریەتەکەی سەرلەنوێ پێکدەهێنێتەوە و سیاست بەڕێوە دەبات. لەسەر ئەم بنەمایە و بەپێی ئەو نەخشەڕێگەیەی ڕێبەر ئاپۆ خستوویەتیەڕوو، بەشداربوونی پێکهاتەکانی تەڤگەری ئازادی لە زیندان، تاراوگە و وڵاتدا لە ناو سیاسەتدا جێ دەگرن.
بێگومان دەرکردنی یاسای چوارچێوە تەنیا هەنگاوێک و لایەنێکی پڕۆسەکەیە؛ لایەنێکی سەرەکیش ئەو یاسایانەن کە لە ژێر چەتری یاسای چوارچێوەدا دەردەکرێن. ئەمەش لە هەمان کاتدا بە مانای ئەو یاسانەی دیموکراتیزەبوون دێت کە ڕێبەر ئاپۆ چەندین جار سەرنجی خستووەتە سەریان. بەر لە هەر شتێک یاسای ئیدارە خۆجێییەکان دێت. بە پێشکەوتنی پڕۆسەکە، یاسای ئازادیی بیر و ڕا، یاسای ئازادیی مافی خۆڕێکخستن و ئەو یاسایانەی ڕێگە لە بەرامبەر دیموکراتیزەبوون و چارەسەریی پرسی کورد دەکەنەوە، دەردەکرێن.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەم یاسایە هەموو پێداویستییەکانی چارەسەریی پرسی کورد و دیموکراتیزەبوونی تورکیا چارەسەر ناکات. بەتایبەتی کاتێک عەقڵییەتی دەسەڵات لەبەرچاو بگیڕێت هەتا ئێستاش زۆر نیگەرانی هەیە. بەڵام وەک دەرگایەک کە ڕێگە لە بەرامبەر دیموکراتیزەبوون دەکاتەوە دەبێت بە گرنگیش سەیر بكرێت. بەتایبەتی بۆ یاساکانی دیموکراتیزەبوون و چارەسەریی پرسی کورد پێویستی بە تێکۆشانێکی گەورە هەیە. چونکە لایەنێکی ئەم جۆرە پڕۆسانە دانووستاندنە و لایەنەکەی تریشی تێکۆشانە. بەو ئەندازەی تێکۆشان مەزنتر بكرێت و ڕێکخستن تۆکمەتر بكرێت، بەو ئاندازەیەش ماف و ئازادییەکان بەدەست دەهێنرێن.
سەرچاوە/ڕۆژنامەی ئازادیی وڵات
ب. جـ
