ئەمڕۆ، قوسەی حەتاب، وتەبێژی وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق ئاشکرای کرد، کە کە لە پاڕێزگای زیقار لە باشووی عێراق ١٢١ حاڵەتی نوێی تووشبوو بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون.
وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاندووە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی بەردەوامە و لە عێراقدا هەیە، بەڵام لەم دواییانەدا ڕێژەی تووشبوون زیادی کردووە و پارێزگای زیقاریش لە سەرووی لیستی پارێزگاکاندایە، بە جۆرێک تا ڕێکەوتی ١٦ـی ئاب ١٢١ تووشبوو لەو پارێزگایە تۆمار کراون.
وتیشی: هۆکاری ئەم زیادبوونە بۆ نەبوونی هۆشیاری، سەر بڕینی ئاژەڵ بە شێوەی هەڕەمەکی و لە دەرەوەی کوشتارگە فەرمییەکان و پابەندنەبوونی بە ڕێنماییە هۆشیارییەکانی فەرمانگەی ڤێتێرنەریی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری لە هەموو پارێزگاکانی عێراق ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت و تەواوی دەرمان و مەواددی دژەمێرووەکان دابین دەکات، ڕۆژانەش تیمەکان لە گەڕانی مەیدانیی بەردەوامدان بۆ گەمارۆدان و بنبڕکردنی نەخۆشییەکە.
وتەبێژی وەزارەتەکە ئاشکراشی کرد، کە بەهۆی تۆمارکردنی بەرزترین ڕێژەی تووشبوون لە زیقار، هەڵمەتەکە کە بڕیار بوو لە ١٨ـی ئاب کۆتایی پێ بێت، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی دیکە لەو پارێزگایە درێژ کرایەوە تا رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری بکرێت.
باسیلەوەشکرد، ڤارۆسەکە لە ڕێگەی سەگە بەرەڵاکانەوە دەگوێزرێتەوە و هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەیەتی، وەزارەت چەند تەوەرێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە دیاری کردووە، گرنگترینیان دابینکردنی دەرمانی پێویست لە هەموو نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتییانە.
س. ع
