ڕێپێوانەکە بە بەشداریکردنی نوێنەرانی ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی شنگال دەستی پێکرد، لە ناوەندی شارەکەوە کە خێوەتگەی چالاكییەکانی لێ هەڵدرابوو، بەرەو مەزارگەی ست زەینەب بەڕێوەچوو، بەشداربووانی مەراسیمەکە بە دروشم و چالاكیی ئایینی تایبەت بەم ڕۆژە، تا نێو بازاڕی شنگالی کۆن ڕێپێوانیان کرد و لە بەردەم مەزارگەکەدا مەراسیمەکانیان ئەنجام دا.

سەرەڕای ئەوەی ئەم چالاكییە بە بۆنەیەکی ئاینیی شیعەکانەوە بەڕێوەچوو، بەڵام بەشداریکردنی بەرفراوانی نوێنەرانی پێکهاتەکانی دیکەی شنگال، سەرنج دەخاتە سەر گرنگیی پێکەوەژیان، پێکهاتەکانی ناوچەکە، سازدانی چالاكیی لەم شێوەیە لە شنگالێکدا کە بە ڕەنگاڵەیی و هەمەجۆرییەکەی دەناسرێت، وەک نیشانەی گەڕانەوەی ئاشتی و یەکترقبووڵکردن دەنرخێندرێن.

ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە شنگال، بەو تایبەتمەندییەی کە هەمیشە میوانداریی بیروباوەڕ و کەلتوورە جیاوازەکانی کردووە، ئێستا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی چالاكیی هاوبەشی کۆمەڵایەتی و ئایینییەوە، ئەم تایبەتمەندییە مێژووییەی خۆی جارێکی دیکە زیندوو بکاتەوە، بەشداریکردنی پێکهاتەکانی شنگال لەم مەراسیمەدا، وەک پەیامێکی بەهێزی هاوپشتی و یەکترقبووڵکردن لە چوارچێوەی کەلتووری قووڵی پێکەوەژیانی ناوچەکەدا دەبینرێت.

مەراسیمەکانی مەزارگەی ست زەینەب، تا درەنگانی ئێوارە بە خوێندنەوەی دوعا و نزا و چالاكیی ئاینی بەردەوام دەبن.

5 وێنە
1 / 5

ڤ.م