خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت بۆ وردبینیکردن لە نرخەکانی ناو زیندانەکان و بەراوردکردنیان لەگەڵ نرخەکانی بازاڕی دەرەوە.
بڕیارە لێژنەکە لە ماوەی تەنها ٧٢ کاتژمێردا لێکۆڵینەوەکە تەواو بکات و ڕاپۆرتە گشتگیرەکەی بخاتە بەردەم وەزیر.
ئەم هەنگاوە دوای خۆپیشاندانی بەشێک لە خێزانی سزادراوان لە ناوەڕاستی بەغدا هات، کە تێیدا باسیان لە باری قورسی دارایی و نرخی بەرزی کاڵاکان دەکرد وەک گەیشتنی نرخی کیلۆیەک گۆشت بۆ ١٠٠ هەزار دینار و بوتڵێک زەیت بۆ ١٥ هەزار دینار.
وەزارەتی داد ڕوونی کردەوە کە ئەو نرخانەی خێزانەکان باسی دەکەن تا ئێستا لەلایەن دەسەڵاتی فەرمییەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە؛ هەر بۆیە ئەم لێژنەیە پێکهاتووە بۆ یەکلاکردنەوەی ڕاستی و دروستییەکان، تا لەسەر بنەمای ئەنجامەکان ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بگیرێتە بەر.
ئـ.ع
