سەرەڕای چەندین مەترسی و هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم کراوە و تائێستا حکومەت و پەرلەمان پێکنەهاتوون، ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک کردوە و ناوبانگی هەرێمیشی لە دەرەوە لەکەدار کردوە، ئارام جەمال شارەزای کاروباری هەڵبژاردن بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

"پارتى و یەکێتی بە مەیلی خۆیان کار دەکەن"

ئارام جەمال ڕایگەیاند: چاوەڕوان دەکرا ئەو دەسەڵاتەی هەیە لە هەرێمی کوردستان بگات بەم ڕۆژە، چونکە ئەگەر لە ڕووی یاساییەوە سەیری بکەیت چارەسەرێکی وای پێنییە بۆ ئەم دۆخێکی لەم جۆرە، لە کاتێکدا هێزەکان نەیانتوانی پەنجا زائید یەک کۆبکەنەوە، دوای ئەوە چی دەبێت، ئایا هەڵبژاردنی پێش وەختە دەکرێت یاخود نا، لە یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراودا کە حەوت جار هەموار کراوە بیر لەوە نەکراوەتەوە کە حکومەت پێکنەهات چی بکرێت، بۆیە کاتێک یەکێتی و پارتی ڕێکنەکەون دەکەوێتە سەر مەیلی خۆیان کە چی دەکەن.

ئارام جەمال

" لە هەرێمی کوردستان بۆشایی یاسایی هەیە"

ئارام جەمال وتیشی: لە هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی دەستور نییە دادگای دەستوریشمان نییە، لێپرسینەوە ناکرێت لە دواخستی پێکهێنانی حکومەت، لە هەرێمی کوردستان بۆشایی یاسایی هەیە و بەشێکی کێشەکانیش ئەوەیە، هاوکات پارتی و یەکێتی هێشتا نەگەیشتونەتە ئەو خاڵەی کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدابێت، بۆیە حکومەتیان پێکنەهێناوە، ئەم دوو هێزە هیچ کاتێک هەڵبژاردنیش ئەنجام نادەن تا نەزانن بەرژەوەندی هەردوو لایانی تێدایە.

" هی ئەوەنین کۆمەڵگەیان بدرێتە دەست"

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەو شارەزای کاروباری هەڵبژاردنە وتیشی: پارتی و یەکێتی دوو هێزن خۆیان لەسەرووی یاساوە دەبینن تەنانەت ئەگەر دەستوریش هەبێت، پێویستە بزانین ئەم دوو هێزە چەند دیموکراسین یاخود بەسەریان سەپێندراوە، من بڕوام وایە ئەم دوو هێزە هی ئەوەنین لەم سەردەمەدا بمێننەوە و خەڵکی دەوڵەتدار نین، بەڵکو بە ئەقڵییەتی شاخ بیر دەکەنەوە و هی ئەوەنین کۆمەڵگەیان بدرێتە دەست، ئەو قسانەش دەیکەن سەبارەت بە پاراستنی قەوارەی هەرێم وانیە ئەوان ئەوەندە دەیانەوێت تاخۆیان حاکم بم دەنا دوای خۆیان نایهێڵنەوە.

" هێزانە کە خۆیان لەسەر دادگاوە دەبینن"

ئارام جەمال باسی لەوەشکرد: ئێمە دەبوو ئەزمونێکی دیموکراسیمان هەبوایە تا کۆمەڵگەی نێودەڵەتی چاوی لێبکردینایە، نەک وەک ئەم هێزانە کە خۆیان لەسەر دادگاوە دەبینن، ئەم دوو هێزە دەیانەوێت تەنها دەسەڵاتیان بمێنێتەوە ئیتر لە گەڕەکێکیشبێت ئاساییە، چونکە ئەوان دەسەڵاتخوازن.

بە بڕوای ئەو شارەزایەی کاروباری هەڵبژاردن، ئەو دوو حزبە ئێستا مۆدێلی حزبیشیان نەهێشتووە تەنیا کار بۆ بنەماڵە دەکەن، ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەرەو تەقینەوە دەڕوات، چونکە تەنیا چینی باڵا دەست و هەژار ماوە.

" کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باوەڕیان بەم هەرێمە نەماوە"

لە کۆتایشدا ئارام جەمال وتی: ئەم هێزانە هی ئەوەنین دۆڕان قبوڵ بکەن و باوەڕیان بە دیموکراسی نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باوەڕیان بەم هەرێمە نەماوە و ئیتر خەمیان نییە، چارەسەر ئەوەیە کە کەسانی نوخبە و ڕۆشنبیران و خەڵک پێکەوە کار بکەن و ئەو پلانی کڕینەوەی دەسەڵات هەیەتی بۆ نوخبە نەیهێڵن.

هـ.ح