مێژووی بنەماڵەی پێشەوا قازی محەمەد تەنیا پەڕەیەکی سیاسی لە مێژووی کوردستان نییە، بەڵکو چیرۆکێکە پڕ لە قوربانیدان، خەبات و بەردەوامیی کلتووری، کە ژنان لە پێکهێنان و بەردەوامکردنی ئەو ڕێگایەدا ڕۆڵێکی بێوێنەیان گێڕاوە، لەوانە مەریەم قازی  کۆتا و بچووکترین منداڵی پێشەوا قازی محەمەد و دایە مینا.

مەریەم قازی؛ ژنێک لەژێر سێبەری مێژووی کۆماری کوردستان

مەریەم قازی ساڵی ١٩٤٥ لە شاری مەهاباد، لە پایتەختی فکری و کلتووریی موکریان چاوی بە ژیان هەڵێناوە لە کاتێکدا مێژووی کوردستان لە یەکێک لە هەستیارترین ساتەکانی خۆیدا بوو، واتە تەنیا شەش مانگ پێش ئەوەی کۆماری کوردستان بە فەرمی لە مەهاباد ڕابگەیەنرێت.

مەریەم قازی هێشتا تەمەنی ساڵێک و نیوی تێپەڕ نەکردبوو کە ژیانی بە سێبەری تراژیدییەکی گەورەوە دەستی پێکرد، باوکی" قازی محەمەد" لە ئاداری ١٩٤٧ لەسێدارە درا، لەو ساتەوە یاد و مێژوو و ئازاری نیشتمان لەگەڵ ژیانی ئەو تێکەڵ بوون و قۆناغی منداڵی و گەنجێتیی لە ژێر بارگرانییەکی قووڵی سیاسی و نیشتمانیی بنەماڵەکەیدا تێپەڕاند.

ئەو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی خۆی لە مەهاباد تەواو کرد، شارێک کە بۆی تەنها شوێنی لەدایکبوون نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە بیرەوەرییە مێژووییەکانی ژیانی، دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە تاران کرد و لە بواری ئەدەبیات خوێندنی باڵای تەواو کرد، تا وشە و ئەدەب ببنە بەشێک لە ڕێگای ژیانی ئەو کە لە سەرەتایەوە لەگەڵ مێژوو چارەنووسی گەلەکەی گەورە بووبوو.

مەریەم قازی؛ دەنگی ژن و خەبات لە ئەدەبیاتی کوردیدا

مەریەم قازی یەکێک بوو لەو ژنە دەگمەنە پسپۆڕانەی بواری ئەدەبیات کە بە دیدێکی زانستی و ڕەخنەیی هاتە ناو جیهانی نووسین و چیرۆک، ئەو لە ساڵی ١٩٨٧ بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە نووسین کرد و بە بەرهەم و چالاکییە ئەدەبییەکانی توانی ڕەوتێکی خەباتگێڕانە و ڕەخنەیی لە ناو ئەدەبیاتی کوردیدا بەهێز بکات.

ئەو بۆ ماوەی حەوت ساڵ وەک نووسەری سەرەکی و داڕێژەری بەرنامە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی مەهاباد کاری کرد، هاوکات بۆ چەندین ساڵ بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئەدەبیی مەهاباد بوو و لەو ڕێگەیەوە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە گەنجانی ئەدیب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گێڕا.

دوای کارەساتەکەی کیمیابارانی هەڵەبجە، مەریەم قازی چیرۆکی "پەرژین"ی نووسی، بەرهەمێکی کاریگەر کە بە شێوەیەکی قووڵ ئازار و کارەساتەکەی گەلی کوردی خستەڕوو، ئەم چیرۆکە لە گۆڤاری کلتووریی "سروە" بڵاوکرایەوە و بووە هێمایەک بۆ هاوسۆزی و پەیوەندیی نێوان بەشە جیاوازەکانی کوردستان.

مەریەم قازی هەروەها خاوەنی دوو پەرتووکی چیرۆکی بەناوبانگ بوو کە شوێن و پێگەی ئەویان لە ئەدەبیاتی داستانیی کوردیدا بەهێز کرد، یەکەمیان "هاتنە ژوورەوە قەدەغەیە" بوو کە بە فارسیش بە ناوی "ورود ممنوع" بڵاوکرایەوە، و دووەمیان "زیندە بە گۆڕ" بوو کە لە ناوەڕۆکەکەیدا بە ڕەخنەیەکی توند ڕووبەڕووی دابونەریتە کۆنە پەرستانەکان و پێگەی چەوساوەی ژنان دەبێتەوە.

پێش کۆچی دوایی، ڕۆمانێکی بە ناوی "ژیانم خۆشدەوێ" لە ژێر چاپدا بوو، هەروەها بەرهەمێکی شانۆییی دکتۆر قوتبەدین سادقی لە فارسییەوە بۆ کوردی وەرگێڕابوو و ئامادەی بڵاوکردنەوە بوو، بەرهەمە ناتەواوەکانی کۆتایی ژیانی هێشتا دەستنیشانی بەردەوامیی ڕێگای ئەدەبی و هونەریی ئەو دەکەن.

نووسینەکانی مەریەم قازی زیاتر تیشکیان دەخستە سەر دۆخی دەروونیی مرۆڤی کورد لە کاتی کارەساتەکاندا، پرسی ئازادی و ڕزگارکردنی ژنان لەو کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕێگر بوون لە گەشەکردنیان.

لە مەهابادەوە بۆ گەرمیان؛ دواین وەسیتی مەریەم قازی

مەریەم قازی دوای ساڵانێک خزمەتکردنی بەردەوام بە بواری کلتوور و پرسی ژنان، تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو، بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد، بەڵام دواجار لە ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن کۆچی دواییکرد.

بەپێی وەسیتی خۆی، مەریەم قازی دوای کۆچی دوایی تەرمەکەی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەڕێندرایەوە بۆ باشووری کوردستان، دواتر لە تەنیشت مەزاری هاوژینە کۆچکردووەکەی سەردار بەگی جاف لە شارۆچکەی کەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە خاک سپێردرا.

بەم شێوەیە، ژیانی مەریەم قازی کە لە مەهاباد لەگەڵ مێژووی کوردستان دەستی پێکردبوو، لە خاکی کوردستاندا کۆتایی هات، بەڵام بەرهەم و خزمەتە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی وەک بەشێک لە مێژووی ژنانی کورد مایەوە.

مەریەم قازی؛ خوێندنگەیەکی هۆشیاری لە مێژووی ڕووناکبیری کوردستان

مەریەم قازی وەک دوایین منداڵی پێشەوا قازی محەمەد ژیان و بەرهەمەکانی وەک خوێندنگەیەکی هۆشیاریی ئەدەبی لە مێژووی ڕووناکبیریی کوردستان مایەوە، کە باوەڕی وابوو گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان و گۆڕینیان بۆ وانەی فێرکاری لە خوێندنەگەکاندا ڕەگ و ڕیشەی ناسنامەی نەتەوەیین و ڕێگە نادەن ڕۆحی گەل لە بیر و مێژوودا ون ببێت.

مەریەم قازی لە ڕێگەی قەڵەمەکەیەوە سەلماندی کە ژنان دەتوانن بە چاندنی خۆشەویستی بۆ زمان و کلتوور، چرای ئازادی و دادپەروەری هەمیشە ڕووناک بهێڵنەوە و بە وشە و بیر و بەرهەمەکانیان شوێنێک بۆ خۆیان لە مێژووی ڕووناکبیریی کوردستاندا بەجێبهێڵن.

س.خ