لەدایکبوون لە بنەماڵەی خانەدان و ژیان لەگەڵ میر

مەیان خاتوون لە دەوروبەری ساڵانی ١٨٧٠دا لە ناوچەی شێخان لە دایک بوو، ئەو کچی بنەماڵەیەکی خانەدانی ئێزدی بوو، سەرەتای ژیانی وەک زۆرێک لە ژنانی ئەو سەردەمە، لە چوارچێوەی نەریت و ژیانێکی خێزانی دەستی پێکرد.

مەیان خاتوون لە تەمەنی گەنجیدا هاوسەرگیری لەگەڵ عەلی بەگ کرد، ئەو پیاوەی دواتر بوو بە میری ئێزدییەکان.

مەیان خاتوون و هاوژینی; سووربوون لەسەر ئایین و دەربەدەری

لە ساڵانی ١٨٩٠دا، هێرش و فشارەکانی دەسەڵاتی عوسمانی بۆ سەر ئێزدییەکان گەیشتە لووتکە، عەلی بەگ و مەیان خاتوون بەهۆی سووربوونیان لەسەر پاراستنی ئایین و ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان بۆ گۆڕینی ئایین دەستبەسەر کران و بەرەو ناوچەی هاندەران دوورخرانەوە.

ئەو سەردەمە بۆ مەیان خاتوون تراژیدیایەکی قووڵ بوو، لە ماوەی دوورخستنەوەکەدا تەندرووستیی تێکچوو چەند منداڵێکی لەدەستدا، لە کۆتاییدا تەنیا کوڕێکی بە ناوی سەعید بەگ بۆ مایەوە، تا ببێتە هیوای داهاتووی میرنشینەکە.

گەڕانەوە بۆ لالش؛ کۆمەڵگایەکی بریندار و پەرستگەیەکی تاڵانکراو

دوای ساڵانێک دەربەدەری و بە نێوەندگیریی بەریتانییەکان، مەیان خاتوون و عەلی بەگ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام ئەوەی لە گەڕانەوەدا بینییان، کۆمەڵگایەکی شێواو و بریندار بوو، ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ کرابوون و لالش، ئەو پەرستگە پیرۆزەی ئێزدییەکان تاڵان و داگیر کرابوو.

ئەم دیمەنانە مەیان خاتوونیان بەرەو بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر هان دا.

تیرۆرکردنی میر؛ ژنێک لەبەردەم بڕیارێکی مێژووییدا

دوای تیرۆرکردنی عەلی بەگ لە سەروەختی ململانێ ناوخۆییەکانی دەسەڵاتدا، مەیان خاتوون ڕێگەی نەدا میرنشینەکە بکەوێتە دەست نەیارەکانی، تەواوی توانای سیاسی و دیپلۆماسیی خۆی خستەگەڕ و بە فەرمی بووە سەرپەرشتیار و بڕیاردەری یەکەمی کاروباری ئێزدییەکان.

سەردەمی فەرمانڕەوای مەیان خاتوون هاوکات بوو لەگەڵ ئالۆزییە سیاسییەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و گۆڕانکارییە خێراکان لە ناوچەکە، ئەو بە پشتبەستن بە دیپلۆماسی و ژیریی سیاسیی خۆی، هەوڵی دا کۆمەڵگەی ئێزدی لە لەناوچوون بپارێزێت و شوێن و دەنگی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزێت.

لە ساڵی ١٩٢٤دا، مەیان خاتوون پشتیوانیی خۆی لە ڕاپەڕینی ئێزدییەکان دژی هەژموونی بەریتانیا دەربڕی و جەختی لە سەربەخۆیی و ڕەسەنایەتیی بڕیارەکانی میرنشینەکە کردەوە.

کاتێک کوڕەکەی مرد و مێژوو دووبارە بووەوە

کۆچی دوایی سەعید بەگی کوڕی لە ساڵی ١٩٤٤دا، مەیان خاتوونی خستەوە بەر تاقیکردنەوەیەکی تر، تەحسین بەگی نەوەی کە ئەوکات تەمەنی تەنیا ١٣ ساڵ بوو، بۆ پۆستی میرنشین هەڵبژارد و توانای ڕازی‌کردنی گەورەکانی کۆمەڵگەی بەدەست هێنا.

بەمەش بۆ جارێکی تر، مەیان خاتوون بووە سەرپەرشتیاری میرنشینەکە و سەلماندی دەسەڵاتەکەی سەربەخۆیە و دوو میری لە ژێر ڕێبەرایەتیی خۆیدا پەروەردە کردووە.

کۆتایی ژیان و سەرئەنجامی چیرۆکی ژنێکی نەمر

مەیان خاتوون، سەرباری نەخوێندەواری، بە ژیریی سیاسی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی خۆی توانی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ دەسەڵاتداران و سەرکردەکانی ناوچەکە درووست بکات، بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو بدات و هەندێک جار کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دەسەڵاتداران دابنێت، لەگەڵ ئەوەشدا، بە هاوکاریی هەژاران و گرنگیدان بە پەروەردە، ڕوویەکی میهرەبان و کۆمەڵایەتیی خۆی پیشان دەدا.

دوای کۆچی دوایی لە کۆتایی ساڵانی ١٩٥٠دا و بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی میران، چیرۆکی مەیان خاتوون زۆر لەوە گەورەتر مایەوە کە تەنیا بە فەرمانڕەوایەک ناسرابێت، ئەو بە مێژوو سەلماندی کە ژن دەتوانێت لەنێو سەختترین ململانێکانی دەسەڵاتدا ڕێبەرایەتیی کۆمەڵگایەک بکات و ببێتە هێمایەکی درەوشاوەی ژیری، خۆڕاگری و سەرکردایەتیی ژنان.

س.خ