ئەمشەو، لە پارکی ئازادیی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی هەزاران کەس مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە)، بە بۆنەی یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی شاری قامیشلۆ، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، کە گەلانی هەرێمەکە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە زیاتر لە سەدەیەکە بەیەکەوە ژیاون و دامەزراندنی شارەکەش ڕەنگدانەوەی هەمەڕەنگی و قوڵایی کەلتووریی گەلانی هەرێمەکە بووە و نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا دەکات.
هەروەها مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بە ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتدارانی خاوەن سیاسەتی شۆڤێنی کرد، کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو هەوڵیان داوە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمەکە و عەرەبکردنی جێبەجێ بکەن، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بەو سیاسەتانە وەستاوەتەوە و لە پێناو گەڕاندنەوەی ناسنامەی ڕەسەنی هەرێمەکەدا تێکۆشاوە.
پاشان، مەزڵوم عەبدی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لە ساڵانی ڕابردوودا هەرێمەکە بووە شایەتحاڵی شەڕێکی دڕندانە و خەڵکەکەی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەرگرییان لە خۆیان کرد. لەپاڵ ئەوەشدا قەسەدە دامەزرا و ئەم هێزە لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەلەوە هاتە ئاراوە.
باسیلەوەشکرد، ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەستپێکردنی قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی سووریای نوێ، قۆناغێکی جیاوازی دروست کرد و ڕایگەیاند کە بڕیاری بەشداریکردن لە سووریای نویدا لەسەر بنەمای رێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم بووە. هەروەها پڕۆسەی ئینتێگراسیۆنی دامەزراوە ئەمنی، سەربازی و کارگێڕییەکان کە لە ساڵانی ڕابردوودا دروست کرابوون، لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بە مەرجێک دەبێت کە ناسنامە و دەستکەوتەکانیان پارێزراو بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی ئینتیگراسیۆنی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کۆتایی هات و لەمڕۆبەدواوە قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات.
لە درێژەی وتارەکەی عەبدی بانگەوازی لە خەڵک کرد، کە ئەو دامەزراوانەی بە قوربانیدانی شەهیدان دامەزراون، بیپارێزن و پشتیوانیان بکەن، وتیشی: سڵاو بۆ سەرجەم ئەو کەس و شەرڤانانە دەنێرم، کە لە پاڵ گەلدا وەستاون و لە پێناو پاراستنی گەلدا شەهید بوون، تێکۆشان لە پێناو مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکاندا بەردەوام دەبێت و قۆناغی داهاتوو شاهیدی چالاکیی سیاسیی زیاتر دەبێت، بۆ ئەوەی مافە ڕەواکان لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێن.
لە کۆتاییدا وتیشی: قامیشلۆ دەبێتە ناوەندی کەلتووری، سیاسی و هەمەڕەنگی و بانگەوازییشی لە سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمەکە کرد، هەموان پێکەوە لەپێناو داهاتوویەکی ئاشتییانەدا تێبکۆشن.
س. ع
