د. پاڤێ جەمیل ڕاگری کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە سلێمانی سەبارەت بە تیرۆرکردن و هەڕەشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان ژن لە باشووری کوردستان و پاراستنیان بەپێی یاساکانی ڕۆژنامەنووسی بۆ ڕۆژنیوز دوا.

"تیرۆری ڕۆژنامەنووسی خەمی گشتییە"

د. پاڤێ جەمیل دەڵێت، لە هەر ناوچە و جێگایەک ژنان تیرۆر بکرێن بە خەمی خۆمانی دەزانین، بەتایبەتی ئەگەر لە کوردستان ڕوو بدات و بە تایبەتی تر ئەگەر ڕۆژنامەنووسی ژن بێت، ئەمە تەنها خەمی جێگایەک نییە، بەڵکو خەمێکی گشتییە و پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان ئیدانە دەکەین، چونکە هیچ پاساوێک نییە بۆ تیرۆر و توندوتیژی، بە تایبەتی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان.

"ئاستەنگ و ڕێگرییەکان بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس زیاترە"

مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانی وتیشی: ئێمە کە باس لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی دەکەین، مەبەستمان ئەو ئاستەیە لە ئازادیی، کە ڕۆژنامەنووس بتوانێت بە ئازادی خزمەت بە کۆمەڵگە، نیشتمان و نەتەوەکەی بکات، ژنانی ڕۆژنامەنووسیش لەو توێژانەن کە بەردەوام هەوڵ دەدەن لەم بوارەدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هەموو ڕۆژنامەنووسان قورسایی و بەرپرسیارێتییەکی زۆریان لەسەر شانە، بەڵام ژنان ئەم ئەرکە زیاتر لە ئەستۆ دەگرن، چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە بەردەوام ڕووبەڕووی قەیران و جۆرەها ڕێگری و ئاستەنگ دەبنەوە.

"نەبوونی تێڕوانینی ژن لە کۆمەڵگەدا کەلێنێکی گەورە درووست دەکات"

د. پاڤێ جەمیل سەبارەت بە بێدەنگکردنی دەنگی  ژنانی ڕۆژنامەنووس، پێیوایە لە هەموو جومگەکانی ژیاندا پێویستمان بە دەنگی ژن و پیاو هەیە، بە تایبەتی لەو پرسانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتیمانی، پەیامی ئاشتی و خزمەتکردنی کۆمەڵگەوە هەیە.

ڕوونیشیکردەوە، بە پێی توێژینەوەکان سەلمێندراوە کە دەنگی ژن زۆرجار پەیامی ئاشتی و ئارامییە، هەروەها لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکانیشدا تێڕوانینی ژنان زۆر پێویستە، نەبوونی تێڕوانینی ژن لەو جومگە سەرەکییانەدا کەلێنێکی گەورە درووست دەکات و دواجار کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆی پرۆسەی ژیانکردنی کۆمەڵگە دادەنێت.

"پێویستمان بە پێداچوونەوە بە یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی هەیە"

مامۆستاکەی زانکۆ داوا لە ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەنووسان، بە تایبەتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکات، بە تەواوی کار بکرێت بۆ ڕۆژنامەنووسان و ماف و ئەرکەکانیان بە ڕوونی دیاری بکرێت و پارێزراو بن، چونکە بەرامبەر هەر ئەرکێک مافێک هەیە، هەروەها پێویستە کاری ڕۆژنامەنووسی بە شێوەیەکی سیستەماتیک و لە چوارچێوەی یاسادا ڕێکبخرێت.

هەروەها ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی باسی لەوە کرد، هەرچەندە یاسای ڕۆژنامەنووسی هەیە، بەڵام ماف و ئەرکەکانی ڕۆژنامەنووس بە شێوەیەکی باش و ڕوون تێیدا دیاری نەکراوە، لە ئێستادا پێویستمان بە پێداچوونەوە بە یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی هەیە و دەبێت بە جدی کاری لەسەر بکرێت و بە شێوازێکی واقعی و گونجاو دابڕێژرێتەوە، تاکو مافەکانی ڕۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی یاسایی و کرداری بپارێزرێت.

"پێویستە ئەرک و مافەکانی ڕۆژنامەنووسانی ژن دیاریکراو بێت"

ڕاگری کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتیەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن کۆمەڵێک ماف و ئەرکی دیاریکراو هەبێت، لەبەر ئەوەی کاری ڕۆژنامەنووسی کارێکی قورسە و ماندووبوونی زۆری لەگەڵدایە، بۆیە پێویستی بە پشتیوانی، هاوکاری و پاڵپشتیی زانستی و مەعنەوی زیاتر هەیە.

دەشڵێت:ئەمەش وا دەکات خواستی زیاترمان هەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی کاری ڕۆژنامەنووسی، تاکو بتوانین بارودۆخێکی باشتر بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس دابین بکەین و لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەنووس هەست بە پارێزراوی و ئاسایش بکات، تاکو بتوانێت کاری خۆی بە شێوەیەکی باشتر ئەنجام بدات.

س.خ