لەبەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، محەمەد ئەمین پێنجوێنی کەسایەتى سیاسی و نووسەر باس لە سەرەتاکانی کاری سیاسی خۆی دەکات کە لەناو حزبی شیوعییەوە دەستی پێکردووە.
"حزبی شیوعی یەکەم حزب بوو داوای ئۆتۆنۆمی دەکرد"
محەمەد پێنجوێنی دەڵێت: من خۆم سێ جار مستەفا بارزانیم بینیوە کە دووجاریان وەک نوێنەری حیزبی شیوعی چووم بۆ لای، مستەفا بارزانی لە ڕۆژگاری خۆیدا دەوری کاریگەری هەبوو لە خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورددا، حزبی شیوعی لە کاتی خۆیدا یەکەم حزب بوو کە داوای مافی گەلی کوردی دەکرد و داوای ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دەکرد و ئەو بانگەشەی دەکرد کە ئەوکات هێشتا پارتی ئەو بانگەشەی نەدەکرد.
"پارتی ئاغاکانی توڕە کرد"
سەبارەت بە تێکچوونی نێوانی حیزبی شوعی و پارتی پێنجوێنی باس لەوە دەکات، تێکچوونی ئەو پەیوەندییە لەوکاتەدا پەیوەندی بە دەرکردنی یاسای کشتوکاڵەوە بوو کە دەیوت زەوی بۆ ئەو کەسەیە دەیکێڵێت، ئەمەش ئاغاکانی توڕە کرد و دەستیاندایە چەک دژی حکومەتی عێراق و حزبی شیوعیش لەگەڵ ئەو یاسایە بوو.
" پەکەکە و ئۆجەلان پرسی کوردیان کردە پرسێکی نەتەوەیی"
هەروەها ئەو کەسایەتییە سیاسییە دەڵێت: پارتی بەیانی دەرکرد کاتێک زانی حیزبی شیوعی چەکی هەڵگرتووە و وتی شیوعی حکومەتی عێراقی لە پشتە، مەسەلەی کورد لە سەر شۆڕشی بارزانی ماڵبوو تا پەکەکە و بەڕێز ئۆجەلان هاتن و پرسی کوردیان کردە پرسێکی نەتەوەیی، وڵاتانی ناوچەکە و داگیرکەری کوردستان سەدەیەک زیاتر کار بۆ تێکدانی نێوان کوردان و ناشیرینکردنی جوڵانەوەکانی کورد دەکەن، دەنا حەرەکەتێکی وەک پەکەکە کە بەڕێز ئۆجالان بەڕێوەی دەبات بە کەس ناکرێت لە هەر چواربەشی کوردستان خەبات بەڕێوە ببات.
"باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی کەوتە گیانی شیوعییەکان"
پێنجوێنی باسی لەوە کرد، هاتنە سەر حکومی حیزبی بەعس خاڵێکی ڕەش بوو لە مێژووی عێراقدا بەتایبەت گەلی کورد و بە شێوەیەکی وەحشیانە کەوتە گیانی گەلانی عێراق، بەرانبەر حیزبی شیوعیش تەواو وەحشیانە بوون و باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی کەوتە گیانی شیوعییەکان.
وتیشی: من لەوکاتەدا شەش مانگ لە ماوەت زیندانی کرام لەبەر ئەوەی شیوعی بووم و زیندانەکە هی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی بوو، ئەو جیاوازییەی ئەوکات درووستبوو لە نێوان هەردوو باڵی پارتی تا ئێستاش درێژەی هەیە و کوردستانی باشووری دابەشی دوو بەش کرد.
" شەهید ئارام کەسایەتییەکی پاک و دڵسۆز بوو"
یەکێکیتر لەو کەسایەتییە کاریگەرانەی کە پێنجوێنی بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵیدا، شەهید ئارام بووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: من شەهید ئارامم لە ڕۆژنامەی هاوکاری ناسی لە بەغداد و هەردووکمان لەوێ دەماننووسی، شەهید ئارام کەسێکی مارکسی کلاسیک بوو، کەسایەتیەکی پاک، دڵسۆز و کورد پەروەربوو، توانای ڕێکخستنی بەهێزی هەبوو، بەڵام بەداخەوە زوو شەهید بوو.
" ئەگەر بمایە لە باشوور پێویستمان بە شۆڕش نەبوو"
سەبارەت بە بۆچوونی رێبەر ئاپۆ لەسەر شەهید ئارام محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئەوەی خستەڕوو، ڕێبەر ئۆجالان بۆ شەهید ئارام وتوویەتی ئەگەر بمایە لە باشووری کوردستان پێویستمان بە شۆڕش نەدەبوو چوون خاوەن کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕبوو، دەیوت خەڵک هەستیاری بە ناوی شیوعی هەیە، بۆیە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی دروستکرد و بۆ چوونەکەشی ڕاست بوو.
"مام جەلال و سەرۆک ئاپۆ پەیوەندیەکی مێژووییان هەبوو"
تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مام جەلال و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کارکردن بۆ یەکڕیزی کورد و پشتیوانی بەشەکانی دیکە، پێنجوێنی وتی: مام جەلال و سەرۆک ئاپۆ پەیوەندیەکی مێژووییان هەبوو، تەنانەت ڕێکەوتنێکی نهێنیشیان هەیە لەسەر ئەوەی کە بۆ بابەتی کورد دەبێت پێکەوە کار بکەن و بزوتنەوەی کوردی بۆ خزمەتی نەتەوەیی بێت، هەوڵ بدەن شەڕ درووست نەبێت لە نێوانیاندا.
هـ.ح