نزیکەی ساڵ و نیوێکە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەستی پێکردووە، لەو ماوەیەدا دەوڵەتى تورک هیچ هەنگاوێکی جدی و هیوابەخشی نەناوە کە گەرەنتی سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە بسەلمێنێت، بەڵکو زیاتر ئەوەی لە دەوڵەتی تورک دەبینرێت کاتکوشتنە، هاوکات لەگەڵ ئەوەش هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی دەزگای میتی تورک سەردانی عێراق و هەولێر و سلێمانی کرد، کە ئەمەش ئاماژەیەکی نوێی لێدەخوێندرێتەوە، لەو بارەیەوە سیاسەتمەدار محەمەد ئەمین پێنجوێنی بۆ ڕۆژنیوز دوا.
"پڕۆسەکە چەقی بەستووە"
سەرەتا پەیوەست بە گۆڕانکاری و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی، محەمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت: پڕۆسەکە چەقبەستووە سەبارەت بەو چەقبەستووییەش، کەجەکە بەیاننامەیەکیان دەرکرد کە بە سیاسەتێکی قووڵی ئەقڵانی نووسراوە و ڕەخنە لە چەقبەستوویی پڕۆسەکە دەگرێت، چونکە ئەو بەڵێنانەی کە دەوڵەتی تورکیا داویەتی بە بەڕێز ئۆجالان، هەر جارە و بە بیانوویەک جێبەجێ ناکرێن.
وتیشی: ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا، هیچ شتێکی دەربارەی کێشەی چارەسەری کورد تێدا نەبووە، بۆیە دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە لەم کاتەدا، گەیاندنی ئەو پەیامەیە، ئەگەر ئێوە هەنگاو نەنێن لەم چەقبەستووییەی پڕۆسەکەدا کە دەوڵەتی تورکیا لێی بەرپرسیارە، ئەوا دەبێتە هۆی تێکدانی پڕۆسەکە، ئەمەش دیسان دەوڵەتی تورکیای لێی بەرپرسیارە.
"گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندیی تورکیادا نیین"
بە بڕوای پێنجوێنی، تورکیا لەگەڵ پڕۆسەکەدا بە خاوی مامەڵە دەکات و ئامانجی کوشتنی کات و پەشیمانبوونەوەیە لە پڕۆسەکە، لە هەمان کاتدا چاوەڕوانی گۆڕانکاریی دۆخەکەیە، هەرگۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا ڕووبدات، لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکیادا نییە.
پێنجوێنی باسی لەوەش کرد کە دەوڵەتی تورکیا لە ئێستادا لەگەڵ ئیسرائیل کەوتوونەتە دژایەتیکردنێکی میدیایی و سیاسی، ئەگەر تورکیا سیاسەتی خۆی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا ڕاست نەکاتەوە، ئەوا بەرەو ئەوە دەڕوات کە تورکیاش تووشی هەمان ڕەوشی سیاسیی وڵاتانی دراوسێ بێت.
" ئامانجی کورد ئاشتییە نەک ڕادەستبوون"
سەبارەت بەوەی کە کورد بانگەوازی ئاشتی دەکات و تورکیا بانگەشەی ڕادەستبوونی کورد دەکات، محەمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت: تورکیا دەڵێت تورکیای بێ تێرۆر و کوردیش دەڵێت پرۆسەی ئاشتی" ئەمە لە فیکردا دوو شتی جیاوازن، داواکەی باخچەلی و سەردانەکەی بۆ ئیمڕاڵی، لە کاتێکدایە کە چەندین ساڵە کورد چاوەڕێی ئەو دەرفەتە بوو کە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی یاسایی لە پەرلەماندا دان بە بوونی نەتەوەیەکی دیکەدا بنێت کە کوردە، کوردیش نەتەوەیەکە خاوەنی مێژوو و کولتوورە.
بە وتەی پێنجوێنی سیاسەتی ئاکپارتی و ئەردۆغان ئەوەیە کات درێژ بکەنەوە بۆ تێپەڕبوونی دۆخەکە و دروستبوونی نائومێدی لە نێوان کورددا، زۆریش لە شرۆڤەکاران و سیاسەتمەداران پێیان وایە ئەم جۆرە سیاسەتەی تورکیا پەیڕەوی دەکات، ئامانج لێی تەسلیمبوونی کوردە، بەڵام کورد سەلماندوویەتی کە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتیدایە و ئامانجی چارەسەری ئاشتییانەیە نەک تەسلیمبوون.
"پیلانێکی تورکیا لە ئارادایە"
سەبارەت بە سەردانی ئیبراهیم کاڵن بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق، پێنجوێنی دەڵێت: ئیبراهیم کاڵن بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)ـە و هەر بەو مەبەستەش هاتووە، هەرچەندە نازانرێت چی وتراوە و چی دەکرێت، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە سەردانی هەولێر، سلێمانی و بەغدادی کردووە و پلانێکی هەواڵگری لە لایەن تورکیاوە لە ئارادایە، دەشڵێت: گومان دەکەم بۆ ئەوە هاتبێت کە لەگەڵ لایەنەکاندا باسی ئەوەی کردبێت کە پەکەکە هێزی چەکداریی هەر ماوە و ئەگەر شەڕ ڕووبدات نابێت پشتیوانیی پەکەکە بکەن، بەڵکو دەبێت پشتیوانی لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بکەن.
هەروەها ئەو سیاسەتمەدارەی کورد باسی لەوەش کرد، لە ماوەی پێشوودا وەزیری بەرگری باسی لەوە کرد کە ئەگەر پەکەکە چەکەکان تەسلیم نەکات، ئەوا دەتوانین بە هێز وایان لێبکەین چەکەکان تەسلیم بکەن، ئەمەش هەڕەشەیەکە کە لە پشتییەوە پلانێک بوونی هەیە، سەردانەکەش هەر لەو چوارچێوەیەدایە بۆ ئەوەی کۆکردنەوەی پشتیوانی بێت.
"یەنەکە پشتیوانی تورکیا ناکات"
سەبارەت بە پەیوەندیی لایەنەکان، بەتایبەت یەنەکە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی وتی: بە بۆچوونی من، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچانەی هەڤاڵانی پەکەکەی لێیە، ئەوا یەنەکە هێزێک نییە پشتیوانیی تورکیا بکات و بچێتە نێو ئەو بازنەیەی کە پەدەکەی تێدایە، چونکە ئەگەر ئەوە بکات، کارەساتێکی گەورەیە بۆ مەسەلەی کورد نەک تەنها پەکەکە، ئامانجی ئەوان پێکدادان و لەناوبردنی هێزی سیاسی و سەربازیی کوردە تاوەکو لەناویان بەرن، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، باسی گرنگیی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی گەلی کوردی کرد و وتی: ئەوەی گرنگە بوونی کوردە، کە دەبێت وجودی هەبێت وەک نەتەوە و هەست بە بوونی خۆی بکات کە میللەتێکە و دەبێت لە گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکاندا بەشدار بێت.
لە کۆتاییدا محەمەد ئەمین پێنجوێنی جەختیکردەوە، ناکرێت کورد حسابی بۆ نەکرێت، بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، کورد دەبێت کیانێک هەبێت، پڕۆژەی گەلی کوردیش دەبێت بەو هیوایە بێت کە ئەم پڕۆژەیە لە هەر کاتێکدا بێت سەربگرێت.
ئ.پ
