ئاژانسی ڕۆژنیوز بە گرنگی زانی ئاوڕێک لە مێژووی تێکۆشان و ماندووبوونێکی دەیان ساڵەی محەمەد ئەمین پێنجوێنی کەسایەتى سیاسی و نووسەر بداتەوە کە ئەو لەو مێژووەدا شوێن دەستی دیارە، ڕۆژنیوز هەوڵ دەدات لە پێنج بەشدا لاپەڕە گەشەکانی ژیانی ئەم کەسایەتییە هەڵبداتەوە، ئەگەرچی ڕەنگە وەک پێویست نەتوانین هەموو لایەنەکانی ژیانی ئەم کەسایەتییە باس بکەین، بەڵام لانی کەمی بەشێکی زۆری ئەم تێکۆشانەی بە نەوەی ئێستا ئاشنا بکەین.
لە سەرەتای دیدارەکەدا پێنجوێنی باس لە مێژووی لەدایکبوون و قۆناغەکانی خوێندنی دەکات و وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات لە ساڵی ١٩٤٤ لە گوندی باشماخی سەر بە شارەدێی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لە خانەوادەکەیان شەش برا و چوار خوشک بوون، ئەو سێیەم کوڕی ماڵەکە بووە.
باوکی محەمەد پێنجوێنی چووەتە پێنجوێن و لەوێ دەستی کردووە بە دووکانداری و هێنانی شت و مەک لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشووری کوردستان و بە پێچەوانەشەوە بەو کارەوە خەریک بووە.
ئەو کەسایەتییە لەپێنجوێن گەرەبووە و دەڵێت: وەک هەر منداڵێکی دیکەی پینجوێن خەریکی باخداری و کاری دووکانداری بووم، چومەتە بەر خوێندن تا ناوەندی و لە ناوەندی هاتمە سلێمانی و لە قوتابخانەی پیشەسازی وەرگیرام.
پێنجوێنی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە بیری نیشتیمانپەروەری و سیاسەت لای درووست بووە و خۆی دەڵێت: لەو سەردەمەدا ژیان کردن زەحمەت بوو ماڵەکان بچوکبوون بەڵام کۆمەڵایەتی بوونێکی بەهێز هەبوو هەرماڵێک سێ ژوور زیاتر نەبوو، لەو سەردەمەدا لە پێنجوێن دەبوا لە پایزاندا بەشی سێ بۆ چوار مانگ زەخیرەیان ئامادە بکردایە چونکە بەفر زۆر دەباری لەو ساڵاندا جار هەبووە مانگێک بۆ دوومانگ ڕێی پێنجوێن دەگیرا.
ساڵی١٩٥٨ پێنجوێن کراوە بە شارەدێ، وەکو ئەو سیاسەتمەدارە باسی دەکات لەو سەردەمەدا خەڵکی کارەکانیان پێکەوە بە هەرەوەزی دەکرد و هاوکاری یەکتر بوون، هەمووان پێکەوە بوون لە خۆشی و ناخۆشیدا و ڕۆژانی جەژن پێکەوە نانیان دەخوار لە مزگەوتدا، ژنان بەرپرسیارێتی ماڵ و ئەرکی سەرشانی پیاوانیان کەم دەکردەوە و هەروەک پیاوان دەچوون بۆ ئیشی ڕەز و باخ و هاوکاری کردنی پیاوان و سەربەست بوون.
پێنجوێنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژگارو ڕوونیکردەوە، لە پێنجوێن کانی حەیات هەبوو دەهاتە خوارەوە و شارەکەی کردبووە دوو بەش کە گەڕەکی بەرکێو و بەری کەناو هەبوو، بەهۆی شوێنی جوگرافیاکەیەوە گرنگی خۆی هەبوو بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ کەلتوری ڕۆژهەڵات کرانەوەی زیاتری تێیدا هەبوو، هەروەها هاتوچۆکردنی کەسانی جیاواز کە بەهۆی کاری بازرگانییەوە دەهاتن کاریگەری تایبەتی هەبوو، وتیشی: بەهۆی ئەوەی ئێمە دیوەخانمان هەبوو خەڵکێکی زۆر ڕووی دەکردە ماڵمان بەتایبەت ئەوکات سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەهاتن ئەمە بوو کاریگەری درووستکرد لەسەر من.
محەمەد ئەمین پێنجوێن ئەوەش دەڵێت: من لە دیوەخانەکەی خۆمان هەم بەرکەوتەی سیاسەت هەم چێژی شیعرم بینی زیاتر لەبەرئەوەی باوکم حەزی لە ئەدەبیات هەبوو شاعیرانی ئەو سەردەمە وەک مامۆستا قانع و موفتی پێنجوێنی دەهاتن و سودم لێ دەبینین، من خۆم لەزاری مەسعود محەمەدەوە بیستم کە دەیوت لەلای باوکم باسی پێشکەوتنی پێنجوێنم بیستووە لە ڕووی ئەدەبەوە هاوشێوەی سنە، کۆیە و خانەقای بیارە، لە پێنجوێن جولەکەکان نیشتەجێبوون و خاون کار و دەست ڕەنگین بوون.
وەک ئەو کەسایەتییە سیاسییە باسی دەکات، لێرەوە گەنجی دەستی پێکرد و چووەتە سلێمانی بە مەبەستی بەردەوامیدان بە قۆناغەکانی خوێندن و لەوێوە هەنگاوەکانی کاری سیاسی و نەتەوەیی بووی هەڵهێنا.
سبەی بەشی دووەم بڵاودەبێتەوە..
هـ.ح
