بەپێی ئامارەکان تاکو ئێستا زیاتر لە ٦٠ سەندیکا و یەکێتى و کۆمەڵە و ڕێکخراوی جیاواز لە هەرێمی کوردستان هەن کە گرووپ و ڕێکخراوی مەدەنی لە دەرەوەی حکومەت کار بۆ توێژەکانی خۆیان دەکەن و بەپێی یاسا پابەند کراون بە خزمەتکردن و بەرگریکردن لە توێژەکانیان، بەڵام ئەم سەندیکا و کۆمەڵانە وەک هەر دامەزراوەیەکی دیکەی هەرێمەکە گیرۆدەی ناکۆکی سیاسی و ململانێی حزبی بوون.

زۆرینەی ئەو سەندیکایانە ساڵانێکی زۆر بەسەر کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانیاندا تێپەڕیوە و هێشتا نەیانتوانیوە کۆنگرەیەک ببەستن، خۆشیان بە ئاشکرا و بێ پەردە دەڵێن کە ناکۆکی سیاسی وایکردووە ئەوان نەتوانن کۆنگرە ببەستن، بەڵام بەوتەى خۆیان سەرەڕای نەبەستنی کۆنگرەش ئەوان بە ئەرکی خۆیان هەستاون و بەرگرییان لە توێژەکانی خۆیان کردووە.

بە نموونە (سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، پزیشکان، ئەندازیاران، کشتوکاڵ، کرێکاران، شۆفێران، بیناسازی، یەکێتی کەمئەندامان، ڕستن و چنین، نەوت و کارەبا، کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان، یەکێتی مامۆستایان) لەگەڵ چەندین سەندیکا و کۆمەڵە و ڕێکخراوی تر کە لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ ساڵە وادەیان بەسەر چووە و کۆنگرە و کۆنفڕانسیان نەبەستووە، حزبەکانیش بوونەتە بەربەست لەبەردەم نوێبوونەوە و بەستنی کۆنگرە.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩٣ یاسایەکی بۆ سەندیکا و کۆمەڵەکان دەرکردووە کە یاسای ژمارە ١٨ـی (یاسای كۆمەڵه و ڕێكخراوەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق)ـە، ئەرک و ڕۆڵی ئەو سەندیکایانەی دیارکردووە، بەڵام یاسایەکی کۆنەوە پێویستی بە هەمووار کردنەوە هەیە.

بەپێی ماددەی ١٣ـی یاساکە ئەگەر کۆمەڵە و سەندیکایەک دوای ساڵێک پەیڕەوی خۆی جێبەجێ نەکرد یان بەبێ هۆ لە کارەکانی وەستابوو ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزیری ناوخۆ یان دادگا هەڵدەوەشێندرێنەوە، ئێستا ئەو سەندیکایانە نەک ساڵێک، بەڵکو هەیانە ٢٠ ساڵە کۆنگرەی نەکردووە و کاری خۆشی بەباشی نەکردووە.

ئەو سەندیکا و کۆمەڵە و ڕێکخراوانە بە ئەندازەیەک ڕۆچوونەتە ناو ململانێ حزبییەکان، زۆرجار بەیاننامە و ڕاگەیەندراو لە دژی یەکتر بڵاودەکەنەوە، لە جیاتی ئەوەی ببنە بەرگریکاری مافەکانی توێژەکانیان کە بەدەست نەبوونی مووچە و شوێنی نیشتەجێبوون وچەندین کێشەی ترەوە دەناڵێنن.

تەنانەت توێژەکانى سەر بەو سەندیکا و کۆمەڵانە نیگەران و توڕەن لەوەی سەندیکاکان ئەوەندەی نوێنەرایەتى حزبەکانیان دەکەن، ئەوەندە بەرگری لەوان ناکەن، هەر بۆیە دۆخی ژیانی ئەو توێژانە لە ناڕەحەتى و چەرمەسەریدایە، ئەم دۆخە وایکردووە زۆر جار توێژەکان نازانن کە سەندیکایەکیان هەیە بۆ بەرگری لە مافەکانی ئەوان درووست بوون.

بەشێک لەو سەندیکاو کۆمەڵانە هەر لە ساڵی نەوەدەکانەوە کە پێکهاتوون تا ئێستا یەکیان نەگرتووەتەوە، تەنانەت هەندێکیان ناوەکانیشیان جیاوازە، بۆ نموونە لە هەولێر سەندیکای ئەندازیاران هەیە، لە سلێمانی یەکێتی ئەندازیاران هەیە، بڕیار بوو ساڵی ٢٠٢٣ ئەم سەندیکایە یەکبگرنەوە،بەڵام تا ئێستاش بەشێکیان هەروا ماونەتەوە و یەکیاننەگرتووەتەوە.

ساڵی ڕابردوو وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى هەرێم مۆڵەتی ١٨٠ ڕۆژی دیاریکرد بۆ ئەوەی سەرجەم سەندیکا و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان کۆنگرە و کۆنفڕانسی خۆیان ببەستن، هەندێکیان ئامادەکاری تەواویان کرد، بەڵام لەلایەن حزبەکانەوە ڕێگری کراو هەڵوەشایەوە.

ئەگەرچی لەناو ئەو سەندیکایانەش ڕەخنەگر و دەنگی ئازاد و بوێری زۆریان تێدایە کە بەرامبەر دەستوەردانی حزبەکان هەڵوێست و قسەی خۆیان هەیە، بەڵام تواناو دەستوەردانی حزبەکان لەو دەنگە ئازادانە بەهێزترو کاریگەرترن.

هـ.ح