کەرکووک
تێکەڵکردنی سیاسەت لەگەڵ پەروەردە و ناڕوونی لە پلانەکانی وەزارەتی، ئاستەنگەکانی پرۆسەی پەروەردە لە عێراقدا کە ساڵانە دووبارە دەبنەوە، بڕیاری دواخستنی دەوامی خوێندنگەکان و نەبوونی ساڵنامەیەکی جێگیر، بەرپرسان و مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک تووشی نیگەرانی قووڵ کردووە.
ڕەئوف سەعدوڵا، سەرپەرشتیاری یەکەی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک بە ڕۆژنیوزی وت: بڕیاری دواخستنی خوێندنی ئەمساڵ بڕیارێکی نەگونجاو بوو و سەرجەم بەرنامە و پلانەکانیانی تێکداوە، ئەم دواخستنە دەبێتە هۆی ئەوەی لە کۆتایی ساڵدا خوێندن بکەوێتە وەرزی گەرماوە، لە کاتێکدا خوێدنگەکان لە ڕووی ژینگەی فێرکارییەوە ئامادەکاریی پێویستیان بۆ نەکراوە.

مامۆستا ڕەئوف جەختی لەوەش کردەوە، کە دەستتێوەردانی سیاسی لە بواری پەروەردەدا باجەکەی ڕاستەوخۆ لەلایەن خوێندکارانەوە دەدرێت و وتی: پێویست بوو حکومەتی عێراق زیاتر بایەخی بە پێگەیاندنی نەوەی دواڕۆژ بدایە، دواخستنی پرۆسەی خوێندن ئاستی زانستی و ڕێژەی دەرچوونی خوێندکاران دادەبەزێنێت.
سەبارەت بە هەماهەنگییەکانی خوێندنی کوردی، ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم پەرتووکەکان کە ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن پەرتووکە لە هەولێرەوە دابین دەکرێن و بەشی زۆری ڕێنماییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە دەردەچن.
ئاماژەی بەوەشدا، خوێندنی كوردی لە شارەكەدا لە ئاستێكی باشدایە هەرچەندە دۆخی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركووك لە دۆخیكی خراپی داراییدایە بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە.

مامۆستا هیوا حسێن ڕەخنەی توندی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق گرت بەهۆی نەبوونی ساڵنامەیەکی دیاریکراوی خوێندن و ئاماژەی بەوەدا، دەبوو وەزارەت لە مانگی حەوت یان هەشتدا وادەی دەستپێکردن، تاقیکردنەوەکان و پشووەکان دەستنیشان بکات، بەڵام لە ماوەی تەنها ١٠ ڕۆژدا سێ جار بەرواری دەستپێکی دەوام گۆڕدراوە.
مامۆستا هیوا وتیشی: پشووکان لە وەرزی دووەمدا زۆر دەبن، بۆیە دواخستنی دەوام مامۆستایان ناچار دەکات بەپەلە پرۆگرامەکان تەواو بکەن، کە ئەمەش ڕێگە لە تێنەگەیشتنی دروستی خوێندکاران دەگرێت.
ناوبراو ڕەتی کردەوە، کە دۆخی ئەمنی بیانوو بێت بۆ ئەم دواخستنانە و جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارانە ئارەزوومەندانەن و بێپلان بەڕێوە دەچن.

هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان، مامۆستایانی خۆبەخش ئەرکێکی گرنگیان لە پرۆسەی خوێندن لە شاری کەرکووکدا لەسەرشانە و دەگێڕن، بەڵام بێ کێشەوگرفت نین و دانەمەزراندن خەمی سەرەکییانە و ساڵ بە ساڵ وێرای دڵسۆزییەکەیان بەڵام ڕوو لە ساردبوونەوە دەکەن.
شەهاب ئەحمەد، یەکێک لە مامۆستایانی خۆبەخشە لە کەرکووک و ئاماژەی بە ڕەوشی سەختی مامۆستایانی خۆبەخش کرد و وتی: دەسەڵاتداران لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دامەزراندن و گرێبەست بە مامۆستایانی خۆبەخش دەدەن، بەڵام دواتر هەموو بەڵێنەکان فەرامۆش دەکرێن.
مامۆستا شەهاب داوای کرد، ئاوڕی جدی لە مامۆستایانی خۆبەخش بدرێتەوە کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە سەرکەوتنی خوێندنی کوردی لە کەرکووکدا هەیە، تاوەکو ڕۆحییەتی دڵسۆزییان نەکوژرێت و دەرفەتی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ بڕەخسێندرێت.
ئ پ
