لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرم دەگاتە سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جەستەی مرۆڤ دەبێت، لەو بارەیەوە پزیشکانی هەناویی و پێست بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

کاریگەرییە تەندروستییەکان

دکتۆر گۆران محێدین

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەرچاو لەسەر جەستەی مرۆڤ دروست دەکات، دکتۆر گۆران محێدین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، ڕوونی دەکاتەوە کە گەرمای توند دەبێتە هۆی دەردانی خوێیەکی زۆر لە ڕێگەی ئارەقکردنەوە، ئەمەش سەر دەکێشێت بۆ بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ، سەرگێژبوون، دابەزینی پەستانی خوێن و کەمبوونەوەی ڕێژەی میزکردن، کە دواجار کاریگەری نەرێنی لەسەر کارکردنی سروشتیی گورچیلەکان دەبێت.

دکتۆر بەکر ئەحمەد

هاوکات لە ڕووی پێستیشەوە، دکتۆر بەکر ئەحمەد، پسپۆڕی پێست و جوانکاری، ئاماژە بەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەریی زۆری لەسەر پێست هەیە و ئەگەر پلەی گەرما بگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی، دەبێتە هۆی سووتانی پێست، دروستبوونی هەستیاری و زیادبوونی زیپکە.

مەترسییە درێژخایەن و کتوپڕەکان

مەترسییەکانی شەپۆلی گەرما لەسەر هەموو کەسێک وەک یەک نییە و لەسەر هەندێک توێژ قورستر دەبێت، دکتۆر گۆران محێدین جەخت دەکاتەوە، ئەم کاریگەرییانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن، بەڵام مەترسییەکە لەسەر منداڵان، کەسانی بەساڵاچوو، ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە یان ئەوانەی شوشتنی گورچیلە دەکەن، زۆر زیاترە.

هەروەها ئاموژگاری دەکات، بەرزی پلەکانی گەرما مەترسی بۆ سەر ژنانی دووگیانیش هەیە، چونکە جەستەیان بە سروشتی خۆی لەژێر گۆڕانکاری و فشاردایە، بۆیە لە کاتی گەرما و ئەنجامدانی کاری قورسدا کاریگەرییەکان مەترسیدارتر دەبن.

لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر بەکر ئەحمەد هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی کارەکەیان لەبەردەم خۆردایە، چونکە بەرکەوتنی درێژخایەن و بەردەوامی تیشکی خۆر مەترسیی زوو پیربوونی پێست، زیادبوونی خاڵ و پەڵە و تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات.

هۆشدارییە پزیشکییەکان

پزیشکان هۆشداری دەدەن لە پشتگوێخستنی ڕێنماییەکان و مانەوەی زۆر لەبەر تیشکی خۆر، دکتۆر بەکر ئەحمەد هۆشدارییەکی تایبەت لەسەر بەکارهێنانی دژەخۆر دەدات و دەڵێت: مانەوەی کرێمی دژەخۆر بۆ کاتێکی زۆر لەسەر دەموچاو، لەجیاتی سوود، زیانی زیاتر بە پێست دەگەیەنێت، پێویستە بەکارهێنەران ئاگاداری ئەو کاتانە بن کە تیشکی خۆر تیژە و تێیدا بچنە دەرەوە.

دکتۆر گۆرانیش هۆشداری دەدات لە کەمبوونەوەی ئاوی جەستە بەهۆی ئارەقکردنەوەی زۆر، کە پێویستە دەستبەجێ قەرەبوو بکرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی باری تەندروستی.

ڕێگاکانی خۆپارێزی

بۆ خۆپاراستن لە سەرجەم ئەم مەترسییانە، پزیشکان کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ دەخەنە ڕوو، دکتۆر گۆران محێدین ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات کە تا دەکرێت کەمتر بچنە دەرەوە یان شوێنی کارەکەیان بگۆڕن بۆ شوێنێکی سێبەر، لەگەڵ بەکارهێنانی کڵاو یان هەر هۆکارێک کە سێبەر دروست بکات و خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو.

لە هەمان کاتدا، دکتۆر بەکر ئەحمەد بۆ پاراستنی پێست پێشنیار دەکات کاتەکانی چوونە دەرەوە لە نێوان کاتژمێر ١٠ـی بەیانی بۆ ٤ـی ئێوارە کەمبکرێتەوە و دژەخۆری کوالێتی بەرز بەکاربهێنرێت کە فاکتەری پاراستنی (SPF 50) بێت، بە مەرجێک دوو کاتژمێر جارێک پێستەکە پاکبکرێتەوە و دژەخۆرەکە نوێ بکرێتەوە.

 

ب. جـ