لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە سووریا، کە سیستمی بەرگریی تورکیا تێیدا جێگیر کرابوو، واشنتۆن هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی میکانیزمێکی نوێی دوورکەوتنەوە لە پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل، تورکیا و سووریا دەستپێکردووە.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی واشنتۆن لە ئەنقەرە، ڕایگەیاند: لایەنی تورکی هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی لەسەر ئەو هێرشە پێ نەگەیشتبوو.
ناوبراو هێرشەکانی بە "پەرەسەندنێکی ناپێویست" پێناسە کرد کە کۆسپ لەبەردەم هەوڵەکانی جێگیرکردنی ئارامی ناوچەکە درووست دەکات و جەختیکردەوە، واشنتۆن کار بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی پێویست دەکات بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی مەترسیدار لەنێوان هەریەک لە ئیسرائیل، سوریا و تورکیادا.
لە بەرامبەردا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ڕێککەوتنێک لە نێوان سوریا و تورکیا کراوە بۆ جێگیرکردنی هێزی تورکیا لەو فڕۆکەخانەیەدا و ئەوەشی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی ناوبرد.
لای خۆشییەوە، حکومەتی سوریا (دیمەشق) داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە و توند بەرامبەر بە پێشێلکارییە دووبارەبووەوەکانی ئیسرائیل بگرنەبەر.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی سووریا ڕۆژی سێشەممەى رابردوو ئیسرائیل هەشت هێرشی کردووەتە سەر بنکەى ئاسمانی ئەبو زهور لەباکووری سوریا و لەو هێرشانەشدا رێڕەوی فڕین و کۆگاکانی بنکەکەی بەئامانج گرتووە.
ئـ.ع
