جانیت فارجاس، دادوەری دادگای مانهاتن لە ویلایەتی نیویۆرک ڕایگەیاند، ئەو سیاسەتەی لە کانوونی دووەمدا ڕاگەیاندرا، پێچەوانەی یاسای کۆچبەریی فیدراڵییە و دەسەڵاتی وەزیری دەرەوە، مارکۆ ڕوبیۆ سنووردار دەکات لە دەستوەردان بەرانبەر ڕێکارەکانی کارمەندانی کونسوڵگەری.
ئەو دادوەرە بڕیارەکەی ترەمپی سەبارەت بە ڕاگرتنی پێدانی ڤیزای کۆچبەریی بە هاووڵاتییانی ٧٥ وڵات هەڵوەشاندەوە.
بڕیارەکەى پێشووی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە کۆچبەران کاریگەری لەسەر داواکارانی چەندین وڵات هەبوو، لەوانە وڵاتانی ئەمریکای لاتینی (بەڕازیل، کۆڵۆمبیا، ئوروگوای)، وڵاتانی بەڵقان (بۆسنە و ئەلبانیا)، ئاسیای باشوور (پاکستان و بەنگلادیش)، و چەندین وڵاتی ئەفریقیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارابی.
هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە دوای ئەو سکاڵایە هات، کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی کۆچبەرانەوە پێشکەش کرابوو، لەوانە (تۆڕی یاسایی کۆچبەری کاسۆلیکی) و (کۆمەڵگە ئەفریقییەکان پێكەوە)، شانبەشانی هاووڵاتییانی ئەمریکی کە داوای هێنانی ئەندامانی خێزانەکانیان دەکرد.
لە کاردانەوەی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکەشدا گرووپەکانی مافی مرۆڤ پێشوازییان لەو هەنگاوەکرد و ئاماژەیان بەوە دا کە سیاسەتە توندەکانی ترەمپ لە بواری کۆچبەریدا مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن و هەڵاواردن دروست دەکەن.
ئــ.ع
