مەسعد پۆڵس، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقی لە تۆڕی ئێکس نووسینێکی بڵاوکردوەتەوە و زانیاری خستووەتەڕوو.

مەسعد پۆڵس ڕایگەیاند، ڕژێمی ئێران حزبوڵا بۆ بڵاوکردنەوەی ئاژاوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تێکدانی سەروەری لبنان و ھەڕەشەکردن لە ھاوپەیمانانی واشنتۆن بەکاردەھێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو سزایانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەر ١٠ کەسایەتیدا سەپاندوونی، ئیرادەی واشنتۆن بۆ وشککردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی حزبوڵا دەردەخات؛ بەو پێیەی ئەو کەسانە تێوەگلاون لە گواستنەوەی پارە لە نێوان فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و حزبوڵادا.

هاوکات کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی لەسەر زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە؛ کە پۆلێنکردنی نوێی واشنتۆن بۆ حزبوڵا  بەو شێوەیە دایڕشتووە کە وەک «بریکار و نوێنەری راستەقینەی ئێران» ببینرێت نەک قەوارەیەکی سەربەخۆ، چونکە بە وتەی ئەوبەرپرسە، حزبوڵا لە کارەکانیدا هیچ بایەخێک بە سەروەری و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و خەڵکی لبنان نادات.

 

ئـ.ع