دەستەی دەستپاکی عێراق ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەزاران مووچەخۆر بڵاوکردەوە کە مردوون و هێشتا مووچە وەردەگرن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەکە، لە ئەنجامی وردبینی دۆسییەی خانەنشیناندا، دەرکەوتووە کە مووچەی ١٦ هەزار و ٣٨٤ کەسی مردوو بەردەوام خەرج کراوە، کە دەستبەجێ دوای وردبینییەکە مووچەکانیان بڕدراون.

دەستەکە ئاشکرای کردووە، ٤٠ هەزار کارتی بانکی بە داتای کۆن و ناڕاست کاریان پێکراوە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی و کارگێڕی دروستکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە لە ئەنبار، ١٩ هەزار و ٣٢١ دۆسیە بەهۆی نەبوونی زانیاریی ڕاست و ورد ڕاگیراون تاوەکو لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت.

هەروەها لە پارێزگای نەینەوا، پڕۆسەی وردبینییەکی چڕ بۆ ١٠٢ هەزار و ٨٦٧ ناوی قوربانیانی تیرۆر بەڕێوەدەچێت.

دەستەی دەستپاکی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەشێک لەم کێشانە تەنها هەڵەی کارگێڕی نەبوون، بەڵکو جۆرێک لە گەندەڵی و هەڵەی ئەنقەست لەناو فەرمانگەکاندا پەیڕەو کراوە بە مەبەستی قۆرخکاری یان بەهەدەردانی سامانی گشتی.

لە کۆتاییشدا، دەستەی دەستپاکی عێراق دووپاتیکردووەتەوە، هەڵمەتەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بڕینی سەرجەم مووچە نایاساییەکان و گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی کە بە هەڵە یان نایاسایی خەرج کراون بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

ئـــ.ع