لە دواى دەستپێکردنى شەڕى نێوان ئەمریکا و ئێران لە ٢٨ـى شووباتى ئەمساڵ، ئێران گەرووی هورمزی بە ڕووى کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا داخست، عێراقیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە نزیکەی لە ٩٥%ی نەوتەکەی کە لەو گەرووەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، هەناردەکردنی نەوتی بۆ نزیکەی لە ٠% دابەزی.

کەمکردنی داهاتی عێراق بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوتەکە لە گەرووی هورمەزەوە کێشەیەکی گەورەی دارایی بۆ حکومەتى عێراق درووست کردووە کە بەهۆیەوە مووچەی مووچەخۆرەکانی دواکەوتووە، لەکاتێکدا مانگەکانی پێشوو لە ٢٢ـی مانگەوە دەستی بە دابەشکردنى مووچە دەکرد.

نەبوونی پارەی نەختینەیی بۆ دابەشکردنی مووچە بەهۆی کەمبوونەوەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە گەرووی هورمزەوە بیانووی حکومەتى عێراقە، بەڵام هۆکاری دیکەش هەن کە وایان کردووە پارەی نەختینە لە عێراق کەم بێتەوە و گرفتی بۆ مووچە درووستکردووە، یەکێک لەوانە گەندەڵیی و ناردنە دەرەوەی پارەیە.

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوەی شەفافییەتى نێودەوڵەتی عێراق لە ڕیزبەندی ١٠ یەکەمی وڵاتانی گەندەڵکارە لە جیهاندا، ساڵانە ملیاران دۆلار لە ناوخۆی عێراق دیار نامێنێت و ڕەوانەی دەرەوەی عێراقیش دەکرێت، بەپێی سەرجەم ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان عێراق نغرۆی گەندەڵی بووە، بە تۆمەتی بردنی ئەو پارانە لە چەند ساڵی ڕابردوو چەندین بەرپرسی باڵا دەستگیر کراون و سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

دۆسییە نوور زوهێر و عەدنان جومەیلی پەردەی لەسەر گەندەڵییەکی ترسناک لە عێراق لادا و دەرکەوت ئاستی گەندەڵییەکە لەو وڵاتەدا زیاترە وەک لەوەی پێشبینی دەکرا، زوهێر بە دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار تاوانبار کراوە و جومەیلیش بە ١٥٠ ملیار دینارو ١١ ملیۆن دۆلار و ٤٠٧ کیلۆ گرام زێر لە ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە.

لەلایەکەى دیکەوە چەند گەندەڵکارێک دەستگیرکراون کە دراوی جۆری ٥٠ هەزار دیناریی بانکیان بە دراوی جۆری هەزار دیناری گۆڕیوەتەوە؛ واتا دراوی یەک هەزارییان لە شوێنی ٥٠ هەزاری داناوە، ئەوەش بووەتە هۆی بەهەدەردان و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی بە بڕی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دینار.

یەکێک لە هۆکارەکانی تر ئەوەیە کە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان و بازرگانان بڕێکی زۆر لە دیناری کاشیان لە ماڵەکاندا یان لە دەرەوەی سیستەمی بانکی هەڵگرتووە، بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ٧٥%  تا ٨٠%ـى  ئۆپەراسیۆنی دراوی چاپکراو لە دەرەوەی بانکەکاندایە.

هەموو ئەمانە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی نەختینەیی عێراق کردووە، وایکردوە کە حکومەت پارەی لەبەر دەست نەبێت مووچەی مووچەخۆرانی دابەش بکات.

هەموو ئەمانە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی نەختینەیی عێراق کردووە، وایکردووە کە حکومەت پارەی لەبەر دەست نەبێت مووچەی مووچەخۆرانی دابەش بکات، مووچەخۆرانی عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٨ تا ٩ تریلیۆن دیناری کاش هەیە، گواستنەوەی ئەم بڕە گەورەیە لە ڕێگەی سیستەمی بانکییەوە کاتێک سیولەی پێویست لە بانکەکان بەردەست نەبێت، دەبێتە هۆی پەککەوتنی دابەشکردنی مووچە.

ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارەی نەختینەیی حکومەتی عێراق لە لێکۆڵینەوەی ئەوەدایە کە سێ سفر لەسەر جۆرەکانی دراوی دینار لاببات، بەڵام هێشتا لەسەر ئەوە بریاری کۆتایی نەدراوە و دیار نییە ئەمە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کەمی پارەی نەختیینەیی یان نا.

یەکێکی تر لە ڕێگەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارەی نەختینەیی، پەنابردنی حکومەتى عێراقە بۆ قەرز کردنی ناوخۆیی و دەرەکی، بەڵام بەوتەی شارەزایانی ئابووری ئەمە چارەسەر بنەڕەتى کێشەکە ناکات و بگرە کێشەکە گەورەتر دەکات.

شارەزایانى بواری دارایی پێیان وایە بەم ڕێگایانە کێشەی پارەی نەختینەیی چارەسەر دەبێت:

یەکەم: گەڕانەوەی متمانە بۆ سیستەمی بانکی.

دووەم: پەرەپێدانی پارەدانی ئەلیکترۆنی.

سێیەم: جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی داهات.

چوارەم: ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان.

هـ.ئ