نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە هۆشدارییەکانیان لە بوونى هێزى دەوڵەتى تورک لە خاکى سووریا و مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەى، ڕاگەیاندراوێکى بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئیسرائیل چەندین جار هۆشداری دابووە سووریا کە جێگیربوونی سوپاى تورکیا لە خاکەکەى دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵام سووریا ئەو هۆشدارییانەی پشتگوێ خست.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی خۆی قبووڵ ناکات و پێشوازی لە گەڕانەوە بۆ ئەو دۆخە دەکات کە لەسەری ڕێککەوتبوون.

لە بەرانبەردا سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بەیانیامەیەکدا وەڵامی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی داوەتەوە و ڕایگەیاندوە، بانگەشە بێ بنەماکانی بنیامین ناتانیاهۆ ئامانجی پاساوهێنانەوەیە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی نایاساییەكانی کە سەروەری سوریای کردووەتە ئامانج، پشتیوانی خۆشی بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی، جەختیشیکردەوە، هەرگیز ڕێگە بە ناسەقامگیری سوریا نادات.
 

جێگەى ئاماژەیە دوێنێ دواى ئەوەى شاندێکی سەربازیی تورکیا سەردانی فڕۆکەخانەى ئەبوو زهووریان  کرد، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەکە.

هـ.ئ

https://rojnews.news/?p=723692