بەرپرسێک هاوپەیمانى باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) سەبارەت بە هەڕەشەکانى ئێران بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ئەوروپا، بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز دەدوێت.

 ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندوە، هاوپەیمانى ناتۆ ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئێران کە بکرێتە سەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، بۆ ئەوەش هەمیشە ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ بەرگریکردن لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵوێستی هاوپەیمانییەکە لە ڕێگەی تێکشکاندنی ئەو مووشەکە بالیستییانەوە دەرکەوت، کە لە ئێرانەوە بەرەو تورکیا ئاڕاستە کرابوون لە چوار ڕووداوی جیاوازدا.

ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت جەختی کردەوە، سیستەمی بەرگری و ڕێگریی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی بەهێز و کاریگەرە.

پێشتر ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز" لە سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردبووەوە، ئێران تاوتوێی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکات لە ئەوروپا، ئەگەر دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری پەرەپێدانی جەنگەکە بدات.

هـ.ئ