ئاژانسی  فرانس ٢٤ سەبارەت بە ناوەڕۆکى سەردانەکەى محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ عێراق و گرنگترین ئەو بابەتانەى تاوتوێی دەکات لەگەڵ بەرپرسانى عێراق، ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوە.

ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، گرنگترین ئەو دۆسییانەى محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەگەڵ حکومەتی عێراقدا تاوتوێیان دەکات، بریتین لە چەک داماڵینی گرووپەکان و تاوتوێکردنی هاوکاریی ئابووریی نێوان هەردوو وڵاتە، هاوشانی بەرزبوونەوەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە نێو دۆسیەکانی دیکەدا، قالیباف تاوتوێی ڕێگەدان بە حکومەتی عێراق دەکات بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە بەرامبەر دانانی بەشێک لەو قەرزە داراییانەی کە کەوتوونەتە سەر عێراق.

باس لەوەشکراوە، قالیباف لەگەڵ حکومەتی عێراقدا تاوتوێی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە دەکات، کە دەست ئێران کەوتوون و پەیوەندیدارن بە چەکدارکردنی کۆمەڵێک هێزی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی ئێرانی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێن، بە مەبەستی جوڵاندنیان بەرەو سنوورەکانی ئێران و کردنەوەی بەرەیەک دژی ئێران لە ناوخۆی عێراقەوە.

بە گوێرەی ئاژانسەکە ئێران لە ئێستادا پێویستییەکی زۆری بە هاوکاریی ئابووری لەگەڵ یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە، بۆ شکاندنی ئەو ئابڵوقەیەی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێنراوە.

شایەنی باسە، ئەمڕ قالیباف بەسەرۆکایەتى شاندێک سەردانی بەغدادی پایتەختی کرد، بۆ تاوتوێکردنی 'بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری و ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا'.

هـ.ئ