لە شاری ئامەد کۆنفرانسی زمانی کوردیدا کۆتایی هات و لە ئەنجامنامەیەکیشدا ڕاگەیەندرا، پێویستە زمانی کوردی ببێتە زمانێکی سەرەکی لە دامەزراوەکاندا، ئێمە بەکارهێنانی کوردی وەک پێوەری نوێنەرایەتیی سیاسی ناودەبەین، کێ بیەوێت نوێنەرایەتی کورد بکات، دەبێت فێری زمانی کوردی ببێت.
ئەمڕۆ، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی (چاند ئامەد) لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسی زمانی کوردی بە درووشمی "لە پێگەوە تا پەروەردە، چوارچێوەیەکی نوێ بۆ دانوستان" بەڕێوەچوو، هاوکات لە کۆنفرانسەکەدا ئەنجامنامەیەکیش بڵاوکرایەوە.
لە کۆنفرانسەکەدا نووسەری کورد، دلاوەر زەراق وتی: خێزان بنەما و پێگەیەکی زمانە، ئەوەی خێزانی لە یەکتر ترازان و پەرتەوازە کرد تەکنەلۆژیا بوو، جێبەجێکردنی ئاسیمیلاسیۆن بە شێوەیەکی ئایدیۆلۆژی لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێن، گوند کۆمەڵگەیەکی ناوخۆییە بەڵام ژینگەکەی بچوکترە، ئەوانەی لە شارۆچکەکاندا دەژین دەتوانن ژیانی گوندیش بژین، لە ئاسمیلاسیۆندا ئامانج ئەوەیە زمانی دەرەوە بچێتە ناو زمانی ناوەوە، نەهێشتنی داگیرکاری بە زیندووکردنەوەی زمانی کوردی و کولتووری ماڵەکانمان دەست پێدەکات.
هەروەها بەڕێوەبەری بەشی پاراستن و پێشخستنی زمان لە فەرمانگەی کاروباری ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی شارەوانی گەورەی ئامەد، تاهیر بایکوشاک وتی: لە گۆڕەپانی گشتیدا چۆن ڕووبەڕووی زمانی کوردی دەبینەوە؟ تابلۆکان پێمان نیشان دەدەن کە فرەزمانی لەوێ هەیە، هەموو تابلۆکانی ئەوێ فرەزمانن و لە پێشدا زمانی خۆیان وەک بنەما وەردەگرن. پێش ئەوەی قەیوم بۆ هەندێک شارەوانی دابنرێت، ئێمە لەسەر شەقامەکان نووسیبوومان 'پێشینە بۆ پیادەیە'، بەڵام دوای ئەوە، ئەو دووزمانییەش بە دەستی قەیوم لادرا، زمان لە ژیانی ڕۆژانەدا دەردەکەوێت.
پاشان، مامۆستای زمانی کوردی لە شێوەزاری زازاکی، زەکی پەکەر، ئاماژەی بەوە کرد، نابێت ئێمە پرسی زمان تەنها بۆ دەوڵەت جێبهێڵین، دەبێت ئێمە بە شێوەیەکی دیموکراتیک بۆ زمان کار بکەین تاوەکو زمان لە مەترسی ڕزگاری ببێت، ئێمە دەزانین کە ئێستا پرۆسەیەک هەیە و هیوادارین ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەرەوپێش بچێت، شتێکی تریش بابەتی عەقڵیەتە، دەبێت سەرەتا بۆ گۆڕینی عەقڵیەت کار لەسەر زمان بکەین، بۆ ڕزگارکردنی زمان دوو ڕێگا هەیە، یەکێکیان پەیوەندی بە دەوڵەت و یاساکان هەیە، یەکێکیشیان پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە و پێویستی بە یاساکان نییە.
ئەو بڕیارانەی لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا دراون ئەمانەن:
١- هەفتەی ١٥ـی ئایار وەک ڤیستیڤاڵێک پیرۆز دەکرێت، لەم هەفتەیەدا هیچ بەرنامەیەک ئامادە ناکرێت، کە ١٥ـی ئایار بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
٢- بۆ پێشخستن و زیندووکردنەوەی زمان، هەر ٢ ساڵ جارێک کۆنفرانسێک بەڕێوەدەچێت.
٣- بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی زمان لەژێر چەترێکدا ڕێکبخرێن و کاری هاوبەش بەڕێوەببن، کۆنفیدراسیۆنێک بە ناوی "کۆنفیدراسیۆنی "کۆمۆنی دامەزراوەکانی زمانی کوردی" دادەمەزرێت.
٤- بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە کوردستاندا ببێتە زمانی یەکەم، هەموو نووسراوە ڕێکخراوەییە ناوخۆییەکانی نێوان دامەزراوە و ڕێکخراوەکانمان بە کوردی دەبن، ئەگەر پێویست بکات بەپێی بارودۆخەکە بۆ تورکیش وەردەگێڕدرێن.
٥- بۆ دامەزراندن و بەردەوامی کاروباری فۆلکلۆر، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان (لەژێر چەتری فەرمانگەکانی زماندا وەک بەڕێوەبەرایەتیی کارەکانی پێشخستن و بڵاوکردنەوەی زمان) ئەنجام دەدرێت.
٦- هەر دامەزراوە و ڕێکخراوێکی وڵاتپارێز بۆ کارەکانی زمان، دەبێت لە بودجەکەی خۆی بودجەیەک بۆ کارەکانی زمان تەرخان بکات.
٧- دەبێت دامەزراوەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی خۆیان کە کوردی نازانن یان کەم دەزانن و لە ئاستی نووسیندا لاوازن، بەپێی ئاستەکانیان وۆرکشۆپی زمانی بەشێوەی ناچاری ڕێکبخەن.
٨- ماڵپەڕە فەرمییەکانی دامەزراوەکان، هەژمارەکانی دیجیتاڵ میدیا و ڕاگەیەندراوەکان دەبێت لە ڕیزی یەکەمدا بە کوردی بن، زمانەکانی تر تەنها وەک جێگرەوەی وەرگێڕان لە پشت کوردییەوە جێگە بگرن.
٩- دەست بە کارەکان بکرێت بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەکی ئۆنلاین.
١٠- ناوی دامەزراوە، ڕێکخراو، کۆڵان، شەقام، پارک و هتد، بکرێت بە کوردی.
١١- ئێمە بەکارهێنانی کوردی وەک پێوەری نوێنەرایەتیی سیاسی ناودەبەین، کێ بیەوێت نوێنەرایەتی کورد بکات، دەبێت فێری کوردی ببێت.
١٢- بۆ دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی زمانی کوردی کە لایەنە جیاوازەکانیش لەخۆ بگرێت، هەوڵەکان دەست پێبکرێن.
١٣- بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان لە کۆنفرانسی گشتیی خۆیاندا سەبارەت بە زمان و پەروەردە هەندێک بڕیاریان دا، بۆ نموونە؛ وەک کردنەوەی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پێشخستن و پاراستنی زمانی کوردی، بەڕێوەبەرایەتیی پێشخستن و پاراستنی زمانی کوردی و یەکەکانی پێشخستن و پاراستنی زمانی کوردی / کردنەوەی دایەنگە، ناوەندەکانی منداڵان، ژوورەکانی یاری و باخچەی ساوایان و هتد. بۆ نموونە؛ دروستکردنی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پێشخستن و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی. لە هەمان کاتیشدا بەڕێوەبەرایەتی و یەکەکانی پێشخستن و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی، دەبێت کەناڵێکی تایبەتی کەلتووریی بکرێتەوە.
١٤- بۆ ئەوەی زازاکی لەژێر هەژموونی تورکی و سێبەری کرمانجیدا نەمێنێتەوە، دەبێت تەلەڤزیۆنێکی سەربەخۆی وەک (Jiyan TV) یان کارێکی تر سەرلەنوێ بکرێتەوە، دەبێت ئەکادیمیا و وەقفێکی سەربەخۆی تایبەت بە شێوەزاری کرمانجکی بکرێتەوە، لە هەمان کاتدا بۆ کرمانجییش، کاری ستانداردکردنی زمان باڵادەست بێت.
١٥- بۆ پێگەی زمان دەبێت ببێتە زمانی ژیان واتە زمانی بازاڕ، شتێکی تریش ئەوەیە، ئەو کەسانەی دەنووسن و دەبنە پێشەنگی کۆمەڵگا، دەبێت زمانی ناوچەیی ستاندارد بەکاربهێنن و خاوەنی بڕوانامەی دامەزراوەکانی زمان بن.
١٦- لە کۆنفرانسی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکاندا دەبێت بەشێک لە فەرمانگەکانی کەلتوور و زمان جیابکرێتەوە، دیسانەوە بۆ ئەوەی زمان ببێتە خاوەن پێگە دەبێت دامەزراوەکانی زمانی کوردی وەک بنەما وەربگیرێن و ئابوونەیەکی بەهێزیان بۆ تەرخان بکرێت.
١٧- دەبێت شوێنی ئەو دامەزراوانەی زمان کە هەن، لە ناوچەکانی ئەو شارانەشدا بکرێنەوە.
بەم ئەنجامنامانە کۆنفرانسەکە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
س.ع
