ئەنجوم یاموڵکی کێ بوو؟

ئەسما خان، کە دواتر بە ناوی ئەنجوم یاموڵکی ناسرا، ساڵی ١٨٩٥ لە گەڕەکی سابونکەرانی سلێمانی لە بنەماڵەیەکی سیاسی و ناسراوی کوردی چاوی بە ژیان هەڵهێنا، ئەو کچی مستەفا پاشای یاموڵکی بوو، کەسایەتییەکی سیاسی و سەربازیی دیار کە لە کابینەی حکومەتی شێخ مەحموودی حەفیددا پۆستی وەزیری پەروەردەی وەرگرتبوو.

مستەفا پاشا، لەگەڵ ئەو کەلتوور و نەریتە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەی سەردەمەکەی، باوەڕێکی قووڵی بە توانایی و زیرەکیی کچەکەی هەبوو، ئەو ڕێگەی خوێندن و فێربوونی بۆ خۆشکرد و پشتگیرییەکی بەردەوامی کرد تا بتوانێت لە سنووری ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوانەی بۆ ژنان دانرابوو تێپەڕێت و ببێتە ژنێکی خاوەن دەنگ و هەڵوێست.

ئەنجوم یاموڵکی بە پشتبەستن بە خوێندن و هۆشیاری، هەوڵیدا بواری بەشداریی ژنان فراوانتر بکات و ڕێگایەکی نوێ بۆ بەشداریی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیریدا بکاتەوە.

ئەنجوم یاموڵکی؛ پێشەنگی ڕێکخستنی ژنانی کورد لە سەدەی بیستەم

لەگەڵ ئاڵۆزییە سیاسییەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم و لەدوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، ئەنجوم یاموڵکی وەک ژنێکی هۆشیار، زمانزان و وتاربێژێکی بوێر هەنگاوێکی مێژوویی لە مەیدانی خەباتدا نا، ئەو لە ساڵی ١٩١٩ لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا کۆمەڵەی پێشخستنی ژنانی کوردی دامەزراند و خۆشی بووە سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە، کە یەکەمین ڕێکخراوی ژنان بوو لەسەر ئاستی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە لەو سەردەمەدا هەنگاوێکی بەرچاو بوو، چونکە ئەو ژنە لە ڕێگەی ئەو دامەزراوەیەوە هەوڵیدا دەنگی ژنانی کورد بگەیەنێت و بابەتی خوێندن، هۆشیاری و مافەکانی ژنان بخاتە ناو گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکانەوە.

بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی عوسمانی و دامەزرانی کۆماری نوێی تورکیا، بارودۆخی سیاسی گۆڕانی بەسەردا هات و فشارە سیاسییەکان لەسەر بنەماڵەی یاموڵکی زیاتر بوونەوە، ئەم فشارانە تەنها سنووری سلێمانی و ناوچەکانی کوردستانی نەدەگرتەوە، بەڵکوو بنەماڵەکە لە بەغدادیش لەژێر چاودێریی دەزگا ئەمنی و سیخوڕییەکاندا بوون.

لە ساڵی ١٩٢٤، بە داواکاریی باوکی، ئەنجوم یاموڵکی بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە فەڕەنسا کرد و لەوێ بواری پزیشکی خوێند، ئەو قۆناغە بووە بەردەوامیی ڕێگەی ژنێک کە خوێندن و زانستی بە هۆکاری سەرەکیی بەهێزکردنی ژنان دەزانی، لە ماوەی ژیانی لە فەڕەنسا لەگەڵ مامۆستا و ڕێنماییکارەکەی، پڕۆفیسۆر لۆمێر ژیانی هاوژینی پێکهێنا.

بەم شێوەیە، ئەنجوم یاموڵکی تەنها کچی کەسایەتییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو خۆی بوو بە کەسایەتییەکی سەربەخۆ و بەشێک لە مێژووی ڕۆشنبیری و خەباتی ژنانی کورد.

ئەنجوم یاموڵکی؛ لە پاریسەوە بۆ خاکی نیشتمان

ئەنجوم یاموڵکی سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکی زۆری ژیانی لە دووری نیشتمان و لە غوربەت بەسەر برد، هەتا دوا ساتەکانی ژیانی وەک ژنێکی بیرمەند، هۆشیار و سەربەرز لەسەر بنەماکانی خەبات و خۆشەویستیی بۆ نیشتمان مایەوە، ئەو دوای تەمەنێک لە خەبات، خوێندن، غوربەت و دابڕان، لە ساڵی ١٩٧٠ لە شاری پاریسی فەڕەنسا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی وەسیەتی خۆی، تەرمەکەی لە پاریسەوە گواسترایەوە بۆ عێراق و لە گۆڕستانی ئەعزەمییەی بەغداد لە تەنیشت مەزاری دایکی بە خاک سپێردرا.

ئەنجوم یاموڵکی؛ ژنێک کە خۆی بوو بە درووستکەری مێژوو

ئەم هەنگاوەی ئەنجوم یاموڵکی تەنها هەنگاوێکی ئاسایی لە مێژووی خەباتی ژناندا نەبوو، بەڵکوو بەپێی بەڵگەنامە و نووسراوەکانی ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە، تەنانەت هەندێک نووسەری تورکیش، ئەو بە یەکێک لە پێشەنگترین ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە بە شێوازێکی نوێ و ڕێکخراو داکۆکی لە ئازادی، ماف و خوێندنی ژنان کرد.

ئەنجوم یاموڵکی لە وتارێکی مێژوویی لە مەیدانی سوڵتان ئەحمەد لە ئیستەنبووڵ، بە دەنگێکی بوێر و ڕاشکاو دەنگی ژنانی کوردی بەرز کردەوە و لەسەر پێویستیی هۆشیاری و خوێندنی ژنان و بەشداریی ئەوان لە ژیانی کۆمەڵایەتی جەختی کردەوە، ئەو وتارە بوو بە یەکێک لە نیشانە گرنگەکانی دەستپێکی بەشداریی ڕێکخراوی ژنانی کورد لە مەیدانی گشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەدەی بیستەم.

لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا، خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی و هەوڵە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە وەک دوو ڕێڕەوی هاوتەریب و تەواوکەری یەکتر بوون، ڕێڕەوێک کە ژنانی کورد لە هەر قۆناغێکدا ڕۆڵێکی پێشەنگ و کاریگەریان تێدا گێڕاو.

ژنانی کورد تەنها بەشداربووی پەراوێزیی ڕووداوە مێژووییەکان نەبوون، بەڵکوو لە زۆر ساتی چارەنووسسازدا خۆیان بوون بە بەشێک لە هێزی گۆڕان و وەرچەرخان، ئەوان لە مەیدانی خەباتی نەتەوەییەوە تا بواری ڕووناکبیری و پەروەردە، هەوڵیان دا سنوورە کۆمەڵایەتی و کۆنەپەرستانەکان بڕوخێنن و دەنگی ژن لە ناو کۆمەڵگەدا بەرز بکەنەوە.

لە ناو ئەم مێژووەدا، ئەنجوم یاموڵکی وەک هێمای ژنێکی بوێر و ڕووناکبیر دەردەکەوێت، ژنێک کە لە سەردەمێکی پڕ لە سنوور و قەدەغەدا، بە خوێندن، قسەکردن و ڕێکخستن، ڕێگایەکی نوێی بۆ ژنانی کورد کردەوە، ئەو بە هەڵکردنی چرای هۆشیاری نیشانی دا کە ژن دەتوانێت تەنها چاودێری مێژوو نەبێت، بەڵکوو خۆی نووسەر و درووستکەری مێژوو بێت.

س.خ