بەپێی دوایین ئامارەکانی بازاڕی ئازاد، بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینى و نرخی یەک دۆلار گەیشتە دەوروبەری ١٨٩ هەزار و ٧٠٠ تمەن، واتە تێکڕای نرخی ١٠٠ دۆلار نزیکەی ١٩ ملیۆن تومەنی تۆمار کرد.
کاریگەریی دابەزینی تمەنی ئێرانی تەنها لەسەر دۆلار نەبووە، بەڵکو دراوەکانی دیکەش نرخی مێژووییان تۆمار کرد؛ یۆرۆی ئەورووپی گەیشتە سەرووی ٢٢١ هەزار تومەن و پاوەندی بەریتانیش نرخی لە سەرووی ٢٥٧ هەزار تمەن جێگیر بووە.
پێشتر لە مانگی حوزەیراندا و بەهۆی هەندێک پێشهاتی سیاسی و هێوربوونەوەی کاتیی گرژییەکان، بەهای دۆلار دابەزینێکی بەخۆوە بینیبوو و بۆ خوار ١٥٣ هەزار تمەن گەڕابووەوە، بەڵام جارێکی تر گەڕایەوە ئاراستەی بەرزبوونەوە.
پاشەکشەی دراوی ئێران پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە گەڕانەوەی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و پەککەوتنی پڕۆسەی دیپلۆماسی و دانوستانەکانەوە هەیە، کە متمانەی بەکاربەر و سەرمایەداران بە بەهای دراوی نیشتیمانی کەمکردووەتەوە.
کەرتی ئابووریی ئێران ماوەیەکی زۆرە بەدەست سزاکانی دەرەکی، کورتهێنانی سەختی بودجە و ڕێژەیەکی بەرزی هەڵاوسانەوە (کە لە سەرووی ٨٧٪ دەخەمڵێنرێت) دەناڵێنێت و ئەم دابەزینە بەردەوامەی توانای کڕینی تمەن، گوشارێکی قورسی ئابووریی خستووەتە سەر هاووڵاتییان و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی خێرای نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان و پێداویستییەکانی ڕۆژانە.
ئـ.ع
