پەدەکە و یەنەکە شەش مانگ گفتوگۆیان کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت و چالاککردنی پەرلەمان، گفتوگۆکانیان لەسەر دوو ئاست بوو، بەشێکیان چۆنییەتى حکومڕانی و نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتووی هەرێم، لەسەر ئەم ئاستە گەیشتنە ڕێککەوتن، بەڵام کاتێک هاتنەسەر ئاستی دووەم کە دابەشکردنی پۆستەکانە گفتوگۆکان وەستان و دۆخەکە بە ئێستا گەیشت.
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پەدەکە وتی: چیتر وەک پێش هەلبژاردن مامەڵە و گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی ناکەین و ئەوەی پێشتر پێماندەدا ئێستا نایدەین، لەبەرامبەردا یەنەکەش کە ٢٣ کورسی پەرلەمانی هەبوو، لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە ١٥ کورسی هەیە ڕێککەوت و هاوپەیمانیەتییەکیان ڕاگەیاند، بڕیارە ئەم هەفتەیە ڕێککەوتنەکەیان بە فەرمی واژۆ بکەن ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە.
دوای ئەم هەنگاوە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە بە فەرمی ڕایگەیاند، ئێستا هاوپەیمانییەتییەکەیان لەگەڵ نەوەی نوێ خاوەنی ٣٩ کورسییە و داوای نیوەی حکومەت دەکەن، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێش وتی: لەگەڵ یەکێتی بووینەتە ٤٢ کورسی و داوای سەرۆکی حکومەت و نیوەی حکومەت دەکەین.
لەبەرامبەردا پەدەکە دژی ئەو هاوپەیمانییەتییە وەستاوەتەوە و ئامادە نییە دانی پێدا بنێت، دەڵێت: "ئەم ڕێککەوتنە لە زیندان کراوە و جێی متمانە نییە"، پەدەکە لە کاتێکدا ئەمە دەڵێت، کە بەردەوام جەخت لەسەر یەکڕیزی و بەشداری سەرجەم لایەنەکان دەکاتەوە لە حکومەتدا، بەڵام کە دەبینێت هاوپەیمانییەتییەکەی یەنەکە و نەوەی نوێ لە بەرژەوەندی نییە دژی وەستاوەتەوە.
هیچ بڕگەیەکی دەستووری یان بەربەستێکی یاسایی لە عێراق و هەرێم نییە دژی درووستکردنی هاوپەیمانییەتی بێت، لایەنە سیاسییەکان لە هەر بارودۆخێکدا بێت ئازادن لە دروستکردنی هاوپەیمانییەتی و زۆرینەی پەرلەمانی، بەڵام پەدەکە بەهۆی درووستکردنی ئەو هاوپەیمانییەتییەی یەنەکە و نەوەی نوێ کێشەی بۆ پێکهێنانی حکومەت درووستکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پەدەکە خۆی لە پەرلەمانی عێراق و تەنانەت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەجێی هاوپەیمانیی لەگەڵ کورد، لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان و دژە کوردەکان دەچووە ناو هاوپەیمانییەوە و کەس دژی هاوپەیمانییەکەی نەبوو، چونکە مافی خۆی بوو هەرچەندە بەرەی دژە کوردی گرتبوو.
یەنەکە و نەوەی نوێ بە فەرمی دەرگای هاوپەیمانییەتییەکەیان بۆ سەرجەم لایەنەکان کردووەتەوە تا بچنە ناو ئەو هاوپەیمانییەتییە و ئەم دۆخە چەقبەستووە تێپەڕێنن، بەڵام لایەنەکانی تر ئەو داواکارییەیان ڕەتکردووەتەوە، بەبیانووی ئەوەی ئەوان ڕێگای ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە و نە دەچنە حکومەتەوە نە دەبنە لایەنگری هیچ لایەنێک، هۆکاری ئەوەش ترسییانە لە دەنگی شەقام و سزای ئەندام و لایەنگرەکانیان، بۆیە ئەم هەڵوێستە ئەوەندی تر پرسی پێکهێنانی حکومەتی قورستر کردووە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە یەنەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، هاوپەیمانیەتییەکەمان دژی هیچ لایەنێک نییە، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەیە لەم پەرتەوازەیی و ناکۆکییانە دەربازمان بێت و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان ئاسانتریش دەکات، داوای ئێمە لە هەموو لایەکیش ئەوە بووە بێنە ناو هاوپەیمانیەتییەکە، بەڵام نەهاتن.
ئەو بەرپرسە باڵایەی یەنەکە جەختیکردەوە، پارتى باس لە ڕێککەوتنی ناو زیندان دەکات، ئەمەی کردووەتەوە بیانوو، بەڵام ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە پارتی ئەم ڕێککەوتنە بە مەترسی بۆسەر خۆی دەبینێت و نایەوێت پێکبێت، چونکە دەزانێت زۆرینە لەدەست دەدات.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز بەر لە ڕێککەوتنی نەوەی نوێ و یەنەکە، پەدەکە هەوڵی زۆری لەگەڵ نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هەڵوێستدا هاوپەیمانییەتی بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆ ئەوەش دەستکەوت و ئیمتیازی زۆری خستە بەردەمیان، بەڵام بێ ئەنجام بوو، دوای ئەوە هەوڵی تری دەستپێکرد بۆ ڕاکێشانی تاک تاکی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی تر، بەڵام لەو هەوڵە تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە، هەر بۆیە ئێستا داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات بەر لە پێکهێنانی حکومەت و ڕێککەوتنی لایەنەکان.
هـ.ح
